لە هەڵەبجە بەڵگەفیلمی “مەرگ لەناو پەناگەدا” نمایش كرا

هەڵەبجە

 یەکێک لە کۆمەڵکوژییەکانی سەر گەلی کورد لە بەڵگەفیلمێکدا بە ناوی “مەرگ لەناو پەناگەدا” لە هەڵەبجە نمایش كرا، کە چیرۆکی ڕاستەقینەی ٢٠٠ کوردی هەورامان و ناوچەی شارەزوور دەگێڕێتەوە، کە بە تۆپی ڕژێمی ئێران شەهید بوون.

ئێوارەی ئەمڕۆ لەهۆڵی بەڕێوەبەرایەتی لاوانی هەڵەبجە، بەڵگەفیلمی “مەرگ لەناو پەناگەدا” نمایش كرا، کە لەلایەن دەزگای میدیایی ‘شارپرێس’ـەوە ئامادە کرابوو.

نامۆ سەربەست دەرهێنەری بەڵگەفیلمەکە بە ڕۆژنیوزی وت: ئێمەی کورد چەندین کارەساتی هاوشێوەمان هەیە، بەڵام باس نەكراوە و چوونەتە گۆشەی لەبیرچوونەوەوە لەناو خەڵكدا، تەنها لەساڵیادەكانیاندا بە ڕاپۆرتێكی بچووك باس دەکرێن، ئێمە ئامانجمانە لە ڕێگەی ئەم بەڵگەفیلمەوە ئەو كارەساتانە هەموویان لە تۆمار بکەین و ئەرشیفیان بکەین و تەواوی لایەنەكانی بخەینە ڕوو، بۆ ئەوەی ئەو مێژووە نەسڕێتەوە و كورد ئاگاداری کۆمەڵکوژییەکانی خۆی بێت.

نامۆ سەربەست لەبارەی بەرهەمهێنانی بەڵگەفیلمەکەوە وتی: ماوەی دوو مانگی پێچووە ئامادە کردنی و ٥٧ خولەكە، زۆرێك لە كەسایەتییەكانی نزیک لە ڕووداوەکەی تێدایە لەوانە خەڵكانی ڕزگاربوو شایەتحاڵ ولایەنی پەیوەندیدار بە کۆمەڵکوژییەکەوە.

لە سەروبەندی شەڕی نێوان عێراق و ئێران، لە ٨ـی حوزەیرانی ١٩٨٦ تۆپی ڕژێمی ئێران بەریەكێك لە خوێندنگاكانی شارەدێی سیروان دەكەوێت لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە، كە ژمارەیەكی زۆر ماڵی تێدا نیشتەجێبووە، بەمهۆیەوە ٢٠٠ هاوڵاتیی لە ژن و منداڵ و پیاو و كەسی بە تەمەن سووتان و شەهید بوون، ئێستاش ساڵانە مەڕاسیمی تایبەت بەو یادە لە شوێنی ڕووداوەكە ڕێك دەخرێت و بیناكە كراوەتە مۆنۆمێنتی شەهیدانی سیراون.

ب.گ

Comments are closed.