بانگەوازیی دەکرێت بۆ بەشداربوون لە پیرۆزبایی نەورۆزی قەندیل

ناوەندی هەواڵەکان

لە ئێستاوە بانگەوازییەکان بۆ بەشداری گەل لە جەژنی نەورۆزی کوردەواری ئەمساڵ لە بناری قەندیل دەستی پێ کردووە و ئەندامێکی کۆمیتەی ئامادەکاریش، بانگەوازی لە گەل دەکات کە بە جۆش و خرۆشی ساڵانی ترەوە بەشداری لە نەورۆزی ئەمساڵ بکەن لە بناری قەندیل.

هاوشێوەی ساڵانی پێشوو، ئەمساڵیش لە ٢١ـی ئادار لە بناری قەندیل، جەژنی نەورۆزی کوردەواریی بە ئاهەنگێکی جەماوەریی گەورە و بە بەشداری چەندین هونەرمەندی دیاریی کورد بەڕێووەدەچێت و ئامادەکارانیش بانگەوازیی لە گەل دەکەن بۆ بەشداربوون.

حاجی ئازاد، یەکێک لە ئەندامانی کۆمیتەی ئامادەکاری نەورۆزی ئەمساڵی بناری قەندیل بە ڕۆژنیوزی وت: نەورۆز بۆنەیەکی نیشتیمانیی و نەتەوەییە، پێویستە هەموو ساڵێک نەورۆز پیرۆز بکەین، داواکاری لە گەلەکەمان دەکەین ئەم بۆنەیە گەشە پێ بدەن.

وتیشی: نەورۆزی ئەمساڵمان لە مانگی ڕەمەزاندایە، داوا لە گەلەکەمان دەکەین هەردوو بۆنەکە پێکەوە گرێ بدەن و بە جۆش و خرۆشی سالانی پێشوو بەشداریی لە نەورۆزی ئەمساڵیش بکەن.

هەروەها ئاماژەی بە ئامادەکارییەکاندا و وتی: ئامادەکارییەکان دەستی پێ کردووە و لە بناری قەندیل بەڕێووەدەچێت، هەموو ڕێکار و پێداویستییەکان ئامادەکراون، پاس لە شارەکانەوە دابین دەکرێت بۆ هەر کەسێک کە بیەوێت بەشداریی بکات.

ب. جـ

Comments are closed.