شێرزاد سەمەد: دەوڵەتی تورک دەستوەردانی خراپ لە کەرکووک دەکات

کەرکووک

شێرزاد سەمەد لێپرسراوی بەشی هەڵبژاردنەکانی یەنەکە لە کەرکووک دەڵێت: دەوڵەتی تورک دەستوەردانی خراپ لە دۆخی کەرکووک دەکات و لایەنێکی کوردیش پاشکۆیەتیییان بۆ دەکات، ئەمەش بووە بە ئاستەنگ لەبەردەم دانانی پارێزگارێکی کورد بۆ شارەکە.

دوێنێ لە پاش کۆبوونەوەی فراکسیۆنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک و محه‌مه‌د ‌شیاع سوودانی، ماوه‌ی دوو هه‌فته‌ دیاریی كرا بۆ ئه‌وه‌ی لایەنەکان بگه‌نە ‌ڕێكکه‌وتن لەسەر پارێزگار و سەرجەم پۆستەکانی تری کەرکووک.

 شێرزاد سەمەد لێپرسراوی بەشی هەڵبژاردنەکانی یەنەکە لە کەرکووک سەبارەت بە دوایین پێشهاتەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێی کەرکووک، بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

شێرزاد سەمەد وتی: لە کاتێکدا پارێزگاری کەرکووک مافی یەنەکەیە و خاوەن زۆرترین دەنگی شارەکەشە، هاوکات دۆخی کەرکووکیش وا دەخوازێت، پارێزگارێکی بەهێز دابنرێت، بەڵام  پەدەکە ئاستەنگی درووست دەکات بەوەی کە دوای کردووە پارێزگارێکی کوردی بێلایەن دابنرێت.

وتیشی: تورکمان پڕۆژەیەکیان پێشکەش کردووە کە بۆ ١٥ مانگ جارێک گۆڕانکاری لە پۆستی پارێزگاردا بکرت، ئەمەش نابێتە وەڵامدەرەوەی کێشەکانی کەرکووک و خواستەکانی خەڵکی ئەو شارە، پێویستە پارێزگارێکی ئەوەنە بەهێز دابنرێت بۆ کەرکووک، بتوانێت، هاوسەنگی لە نێوان پێکهاتەکانی کەرکووک بپارێزێت، بەڕێووەبردنی کەرکووک جگە لە یەنەکە لەلایەن خەڵکی دیکەوە پەسەندی لای هاوڵاتییان نییە، بەتایبەت لە دوای ڕیفراندۆم و ١٦ـی ئۆکتۆبەرەوە.

شێرزاد سەمەد باسی لە ڕاکان جبووری کرد و وتی: پارێزگاری بە وەکالەت و بە زۆر سەپێندراو بە سەر کەرکووکدا، درێژەپێدەری تەعریبە لە شارەکەدا، ئێستاش هەوڵەکانیان بەردەوامن بۆ سڕینەوەی نەتەوەی کورد، نایشارینەوە دەوڵەتی تورک دەستێوەردانێکی کاریگەری هەیە لە سەر پێشهاتەکانی کەرکووک و هەرێمی کوردستان، ئەمەش لە خۆڕا نییە و تەنها نین، بەڵکوو لایەنێکی سیاسیی کورد پاشکۆیەتی بۆ دەوڵەتی تورک دەکات، لە پێکهاتەکانی دیکەش بەهەمان شێوە، لە دوای هەڵبژران دەمانبینی وەکوو فەرمانبەر دەچوونە لای هاکان فیدان بۆ کوبوونەوە.

ئاماژەی بەوەشدا، دەوڵەتی تورک ڕۆڵێکی خراپی هەیە لە ناوچەکەدا، بۆیە دانانی پارێزگارێک بۆ کەرکووک کارێکی ئاسان نییە، بەڵام لەوانەیە لە دوو هەفتەی ئایندەدا، هەوڵەکانی سوودانی ئەنجامێکی ئەرێینیان هەبێت.

سەبارەت بە کاریگەرییەکانی دەوڵەتی تورک لە سەر مەرج و بڕیارەکانی پەدەکە، لە ئەنجموومەنی پارێزگای کەرکووک، شێرزاد سەمەد وتی: نزیکایەتی هەندێک لایەنی سیاسیی هەیە لەگەڵ دەوڵەتانی داگیرکەر، بە لایەنی کوردی و تورکمانیشەوە، دەیانەوێت ئەم شارە دووربێت لە دەسەڵاتی یەنەکەوە، ئەو پێشنیارەی باس لە پارێزگارێکی بێلایەن دەکات خزمەت بە دۆزی کورد و خەڵکی کەرکووک ناکات.

شێڕزاد سەمەد لەبارەی تیرۆر و هێرش و بۆردوومانەکانی دەوڵەتی داگیرکەریی تورک لە سنووری کەرکووک و سلێمانی وتی: ئەمانە فشارێکن بۆ ئەوەی یەنەکە تەسلیم بە خواستەکانی دەوڵەتی تورک بێت، فشارن بۆ سەر هێزێکی وەکوو یەنەکە کە ناسنامەیەکی نیشتیمانیی ڕوونی هەیە، لە هیچ کام لە قۆناغەکاندا هێڵی نیشتیمانیی نەترازاندووە، زۆرجار باجی ئەوەمان داوە، بەڵام ئەوە دەوڵەتی تورکە سیاسەتەکەی وایە نەک هەر لە باشووری کوردستان، بەڵکوو لە ئەرمینیا و ئازەربایجان و یۆنانیش، خەون بە زیندووکردنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانییەوە دەبینێت، خۆشبەختانە سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورک لەلایەن عێراقییەکانەوە ڕەت دەکرێتەوە، هەر کەسێکیش خۆی بەو سیاسەتانەوە ببەستێەوە زیان بە خۆی و دۆزی گەلی کورد-یش دەگەیەنێت.

ب.گ

Comments are closed.