لە کەرکووک سیمینارێک لە بارەی ماف و ئازادیی ژنەوە بەڕێووەچوو

کەرکووک

لە کەرکووک لە چوارچێووەی نزیکبوونە لە ٨ـی مارس، سیمینارێک لەبارەی ئازادیی و مافەکانی ژنان بەڕێووەچوو، تێیدا ڕووناک مەجید تیشکی خستەسەر هەژموونی سیستەمی سەرمایەداریی و پیاوسالاری لەسەر کۆمەڵگە و ڕۆڵ و پێگەی ژن لە ناو گەلی کورد.

ئێوارەی ئەمڕۆ لە شاری کەرکووک لەهۆڵی شەقامی جمهووری، بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە ڕۆشنبیران و چالاکوانانی بواری ژنان، سیمینارێک بۆ ڕووناک مەجید، ئەندامی ڕێکخراوی ژنانی ئازادیی کوردسان_ڕژاک ئەنجام درا.

ڕووناک مەجید لە سیمینارەکەدا وتی: لە بەر ئەوەی ژن نەیتوانیووە مێژووی خۆی بنووسێتەوە، ڕەنجی خوراوە، ئەو تێکۆشان و خەبات و ڕەنجەی ژن لە بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگە هەیبووە نابینرێت، بە تایبەت لە کۆمەڵگەی کوردیدا، ئەگەر باس لە مێژووی مرۆڤایەتی بکەین، وەک ئێستا خێزان نەبووە، بەڵکوو ژیانێکی هەڕەمەکی بووە، بەڵام ئەوەی هەمووانی کۆکردەوە دایک بوو کە ژنە، ژن بوونەوەرێکی دادخواز بووە، جیاوازی نەکردووە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ڕووناک مەجید، باسی لە هەژموونی سیستەمی سەرمایەیداریی کرد و وتی: سیستەمی سەرمایەداریی چەند هەوڵ دەدات دەست بە سەر کۆمەڵگەکاندا بگرێت، ئەوەندە هەوڵ دەدات کۆی قازانجەکان بۆ خۆی کۆ بکاتەوە، بۆ ئەوەی بەڕێووەبەریی لە دەستی ژن وەر بگرێتەوە و بیکات بە دەسەڵات بۆ خۆی، مێژووی ژنی کورد لە تێکۆشانەکان و بەرەوپێشبردنی قۆناغەکان زۆر گەورەیە، هەندێک لە عەقڵییەتەکان  پێیان وابووە ژنی کورد هەر لە ماڵەوە بووە، بەڵام وا نییە، ژنی کورد لە گووندەکاندا ڕۆڵێکی زۆر گەورەیان هەبووە لە پێشخستنی ئابووریی و داهێنان و دەستڕەنگینی و جووتیاری و چاندن و چەندین پیشەدا، هەمان ئەرکی ڕێکخستنی خێزان و پەرەوردەکردن و پاراستنی منداڵەکانی لە سەر شان بووە.

ڕووناک مەجید ‘زادینا’ـی ناو داستانی قەڵای دمدمی وەک نموونەی ژنی بەرخۆدێر هێنایەوە وتی: زادینا هەموو ژنەکان کۆ دەکاتەوە لە قەڵاکەدا و پێیان دەڵێت ئەگەر شا عەباس هێرشی کردە سەر ناوچەکەمان و داگیریکرد، دوو رێگەمان لە بەردەستە، شەڕ کردن لە دژی یان ژەهر خوردنەوە بۆ ئەوەی نەکەوینە دەستی دووژمن، ئەوەبوو لە کۆتاییدا خۆی لە سەر قەڵای دمدم فڕێدایە خوارەوە بۆ ئەوەی نەکەوێتە دەستی دووژمن.

لە کۆتایی سیمینارەکەدا، لەلایەن سەرپەرشتیارانی ساڵۆنی شەقامی جمهوورییەوە، قەڵغانی ڕێزلێنان بەخشرایە ڕووناک مەجید، هاوکات “پەرتووکی ژن ژیان ئازادیی” بە سەر ئامادەبوواندا دابەش کرا، کە لەلایەن ئەکادیمیای ژنۆلۆژییەوە ئامادە کراوە.

ب.گ

Comments are closed.