داواکارییەکانی گەلی شنگال لە ١٢ خاڵدا ڕادەستی سوودانی کرا

ناوەندی هەواڵەکان

خۆبەڕێووەبەریی شنگال خواست و داواکارییەکانی گەلی شنگالیان لە یاداشتێکی ١٢ خاڵیدا گەیاندە دەستی سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، کە تێیدا داواکراوە ئیدارەی نوێی شنگال بە گوێرەی ڕێژەی پێکهاتەکان و خواستی خەڵکی شنگال دابمەزرێت.

ئەمڕۆ بۆ یەکەمجار محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق گەیشتە شنگال و لەگەڵ ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە شنگال کۆبوونەوە و گفتوگۆیان لەبارەی بەرەوپێشبردن و جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاوەدانکردنەوەی شنگال کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا محمەد شیاع سوودانی ڕایگەیاندووە، هەتا مانگی تەمووزی ساڵی ٢٠٢٤، سەرجەم کامپەکانی باشووری کوردستان دادەخرێن و ئاوارەکان دەگەڕێنرێنەوە سەر زێدی خۆیان، دوای گەڕانەوەشیان گەلی شنگال خۆیان ئیدارەی نوێی سارەکەیان پێدەهێنن.

هەروەها یەکێکیتر لە بڕیارەکانی سوودانی ئەوەبوو، بودجەی میزانی شنگال کە هەتا ئێستا لە ناو بودجەی گشتی پارێزگای نەینەوادایە جیابکرێتەوە و بودجەی سەربەخۆیان بۆ تەرخان بکرێت.

دواتر خۆبەڕێووەبەریی شنگال، لە یاداشتێکدا بە ١٢ خاڵ داخوازیی و داواکارییەکانی گەلی شنگالیان گەیاندە سەرۆک وەزیرانی عێراق.

بەشێک لە داواکارییە سەرەکییەکانی گەلی شنگال کە ڕادەستی سوودانی کرا:

  • ئیدارەی نوێی شنگال بە گوێرەی ڕێژەی پێکهاتەکان و خەڵکی شنگال دابمەزرێت.
  • ئیدارەی شنگال نابێت دوو لایەن بێت، وەک ئیدارەی قایمقام و بەڕێوەبەریی شارەدێ، دەبێت یەکبن.
  • ئەو ناوچانەی کە لەسەردەمی ڕژێمی بەعس لە شنگال جیاکراونەتەوە جارێکیتر بخرێنەوە سەر شنگال وەک تلعزێر.
  • شنگال ببێت بە پارێزگا یان ئیدارەیەکی سەربەخۆ و لەسەر حکومەتی عێراق بێت.
  • کەیس لە دژی ئەو کەسانە بکرێتەوە کە دەستیان هەبووە لە جینۆسایدی ٢٠١٤ و دادگایی بکرێن.
  • بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال سندووقێکی تایبەت دابنرێت و بودجەی تایبەتی بۆ تەرخان بکرێت.
  • ئەو کەسانەی کە لە جینۆسایدی ٢٠١٤ تووشی زەرەر و زیان بوون، فەرمانگەیەکی تایبەت دابنرێت و قەرەبوو بکرێنەوە.
  • بەگوێرەی مادەی ١١٦ و مادەی ١٢٥ـی دەستووری عێراق، مافە ئیداریی و سیاسیی و کەلتووریی و پەروەردەییەکان کە بۆ پێکهاتەکانی عێراق دەستنیشان کراوە، بدرێت بە شنگالیش.

ب.گ

Comments are closed.