قەسەدە دەستی بەسەر ٢٠ ملیۆن حەبی کیپتاگۆندا گرت

ناوەندی هەواڵەکان

ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (قەسەدە) لە منبج ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ سەر کۆگاکانی ماددەی هۆشبەر ئەنجام دا و توانییان دەست بەسەر٢٠ ملیۆن حەبی کیپتاگۆندا بگرن.

لەبارەی دەستبەسەردا گرتنی بڕێکی زۆر لە ماددەی هۆشبەر لە منبج، ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (قەسەدە) ڕاگەیاندراوێکیان بڵاو کردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەی قەسەدەدا هاتووە: “تیمەکانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی سەر بە هێزەکانمان، قەسەدە، چوارشەمەی ڕابردوو لە منبج ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ سەر کۆگاکانی ماددەی هۆشبەر ئەنجامدا، هێزەکانمان هەڵیانکوتایە سەر کۆگایەکی نزیکی بازاڕی سەوزەفرۆشانی منبج و دەستیان گرت بەسەر ٢٠ ملیۆن حەبی کیپتاگۆن، کە لەژێر بەردی شەقامەکەدا شاردرابوونەوە. لە لێکۆڵینەوەی هێزەکانمان دەربارەی سەرچاوەکانی ماددە هۆشبەرەکان، دەرکەوت کە ماددەکان لە تەرتوسی سووریاوە هێنراونەتە منبج”.

ئاژانسی فرانس پرێس ماوەیەک پێشتر ڕاپۆرتێکی بنکۆڵکاریی بڵاو کردەوە، تیشکی خستەسەر ئەوەی حەبی کیپتاگۆن سووریای کردووەتە “دەوڵەتی مادەی هۆشبەر”ـی جیهانی. لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی داگیرکەریی تورک گواستنەوەی فراوانی کیپتاگۆن ئەنجام دەدەن، بەگوێرەی لێکۆڵەرێکی هەرێمیی، لایەنی تورکی لەم بازرگانییەدا جێگەیان گرتووە، لێکۆڵەرەکە دەڵێت: سەرچاوەی ئەو ماتریاڵانەی حەبی کیپتاگۆنی لێ درووست دەکرێت، تورکیایە.

ب.گ

Comments are closed.