حووسییەكان هێرشیان كردە سەر دوو كەشتی بازرگانی

ناوەندی هەواڵەكان

فەرماندەیی ناوەندی ئەمریكا بڵاوی كردەوە، شەوی ڕابردوو حووسییەكان كەشتییەكی سەر بە سویسرایان لە كەنداوی عەدەن كردە ئامانج، بەڵام هێرشەكە هیچ زیانێكی گیانی نەبوو، وتەبێژی حووسییەكانیش دەڵێت: كەشتییەكی ئیسرائیلیان كردووەتە ئامانج.

فەرماندەیی ناوەندی ئەمریكا و حووسییەكان لە بارەی كردنە ئامانجی دوو كەشتیی لە كەنداوی عەدەن و دەریایی سوور ڕاگەیاندراوی جیایان بڵاو كردەوە.

فەرماندەیی ناوەندی ئەمریكا بڵاوی كردەوە، شەوی ڕابردوو حووسییەكان لە ڕێگەی دوو مووشەكی بالستی كەشتییەكیان بەناوى M/V MSC SKY IIى سەر بە سویسرایان لە كەنداوی عەدەن كردە ئامانج، كەشتییەكە زیانی پێگەیشتووە، بەڵام هیچ زیانێكی گیانی نەبووە.

هەروەها، یەحیا ساری، وتەبێژی حووسییەكان لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوی كردەوە، هێزە دەریاییەكانیان هێرشێكیان دژی كەشتییەكی ئیسرائیلی جۆری  “MSC SKY” لە دەریای سوور بە ژمارەیەك مووشەكی دەریایی ئەنجامداوە.

جێگەی ئاماژەیە، لە دوای ٧ـی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردووە و لە دوای سەرهەڵدانی شەڕی حەماس و ئیسرائیل، حووسییەكانی یەمەن پشتیووانی خۆیان بۆ حەماس دووپات كردەوە و ڕایانگەیاند، لە دەریای سوور هەر كەشتییەكی ئیسرائیل یان وڵاتانی دیكە بەرەو ئیسرائیل بچێت دەیكەنە ئامانج.

هـ.ئ

Comments are closed.