یادی ڕاپەڕین و پێگە و خەمی ئێستای کورد

شێرکۆ حەمە ئەمین

ئەمڕۆ یادی ٣٣ساڵەی ڕاپەڕینی(ئازاری ١٩٩١)ە ئێستا لەهەمووکات زیاتر بەهۆی حوکمی بنەماڵەیی چەتەییە و زاڵبوونی ئەجێندای دەرەکییەوە کۆی قەوارەی دەستوری هەرێمی کوردستان لە قەراخی لەناوچووندایە، ئەمەش تەنیا و تەنیا دەستەبژێری فاسیدی حوکمڕان و ئەو مۆدێلە شکستخواردووە لێی بەرپرسیارن و ئەوان هەرێمیان بەم ڕۆژە گەیاند، بەجۆرێک خەڵکیان پەشیمان و چاو لە دەستی بەغدای موفلیس کردەوە.

تۆسەیرکە کوردستان لە نیمچە دەوڵەتەوە بەکوێ گەشتووە؟ تەنانەت دەڵێن، لیستی مووچەش دەبێت بە زمانی عەرەبی بێت، لەکاتێکدا بەپێی ماددەی ٤ـی دەستوری هەمیشەیی ساڵی ٢٠٠٥ زمانی عەرەبی و کورد لەهەموو بوارەکاندا دوو زمانی فەرمین.

ببینن، سەرۆک کۆمار حامی دەستوورە کوردە پەرلەمانتار و وەزیر و جێگر وەزیر و ڕاوێژکار و تا دەگاتە بەڕێوەبەری گشتی تەنانەت جێگری وەزیری دارایی عێراق کوردن؟بەڵام بێدەنگن و هەر هیچ؟جا یان بێدەسەڵاتن؟یان لاوازن؟

ئەوە ماددەی ١٤٠ و کێشەی خاک و مافەکانی تر هەرباسیشیان لەناوا نەما!ئەمەیە دۆخ و پێگەی کورد لەئێستادا، کە تەنیا داواکاری مووچەیە و هیچی تر، وەک ئەوەی لەسەردەمی بەعسدا کورد کێشەی مووچەی هەبووبێت؟ بەشێکی زۆری نوێنەرەکانی کوردیش کاریان هەواڵ گوێزانەوەیە.

هەربەڕاستی خەجاڵەت و شەرمەزاربن ئەوانەی دۆخی کورد و دۆزەکەیان بەم ڕۆژە گەیاند.

باشترین چارەسەر، بۆتێپەڕاندنی دۆخەکە و پاراستنی خاک و خەڵک و ئابوری و ئارامی و ئاسایشەکەی سیاسەتی پشت بەخۆبەستن و وەلانانی مۆدێلی چەتەیی بنەماڵەیی و دامەزراندنی حوکمی ڕەشیدە، کە هەر ئەوە لە خزمەتی خاک و خەڵک و ژیان و ئایندەماندایە.

ئ.م

Comments are closed.