دەسەڵاتێکی بێباک لە خوێنی هاوڵاتییەکانی و دەستەمۆ بۆ داگیرکەران

ناوەندی هەواڵەکان

دەسەڵاتى هەرێمی کوردستان کە پەدەکە و سەرانی ماڵی بارزانى بەڕێوەی دەبەن، هەرێمی وەک یاریگایەکی دوو گۆڵی ڕادەستى دەوڵەتى داگیرکەری تورک کردووە و چۆنی پێ خۆش بێت ئاوا هاتووچۆ لەو یاریگایەدا دەکات، پەدەکەش وەک بینەرێکی خۆشحاڵ لە دەرەوەى یاریگاکە تەماشاکەرە و چەپڵە بۆ ئەو داگیرکەرە لێدەدات.

ئەوەتا بە بەرچاوی دەسەڵاتی پەدەکەوە دەوڵەتى داگیرکەری تورک خوێنی هاوڵاتییەکانى بەبێ تاوان دەڕێژێت و تیرۆریان دەکات، بەڵام ئەو دەسەڵاتە وەک نە بای دی بێت نە باران، خۆی کەڕ و لاڵ و کوێر کردووە لە ئاست ڕشتنی خوێنی هاوڵاتییەکانی، کاتێکیش دێنە سەر شاشە و بەردەم مایکەکان دەڵێن، ئێمە خۆمان بە پێشمەرگە دەزانین و خزمەتکاری خەڵکی کوردستانین و دەیان پارێزین.

تا ئێستا لە مێژوودا هەرگیز نایبنیت دەسەڵاتێک بەرامبەر ڕشتنی خوێنی هاوڵاتییەکانى بێباک و بێ دەنگ بێت، نەک هەر ئەوەش، بەڵکو هاوکارو چاوساغ بێت و دەستی داگیرکەر بگرێت بڵێت وەرە هاوڵاتییەکانم بکوژە.

لە تازەترین تاوانى کۆمەڵکوژیدا بەیانی ڕۆژی هەینی ڕابردوو دەوڵەتى داگیرکەری تورک جارێکی دیکە بۆردوومانى سنووری شیلادزێی سەر بە شارۆچکەی ئامێدی کرد و دوو هاوڵاتیی شەهید کرد و دوو هاوڵاتیی دیکەش بێسەرو شوێنن کە بۆ کۆکردنەوەى گیای بەهارە چووبوونە ناوچە شاخاوییەکان بۆ دابینکردنى قوت و بژێوی ژیانی خۆیان و خێزانەکانیان.

ئێوارەی ڕۆژی ٢١ـی مانگی ڕابردووش دەوڵەتى داگیرکەری تورک فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی  بۆردوومانی “چیای سیارێ” لە گوندی کافیا لە شارەدێی دینارتەی سەر بە شارۆچکەی ئاکرێ کرد دووهاوڵاتیی لەناو موڵەکانیان سەرقاڵی کارکردن بوون شەهید کرد کە هەردووکیان پێشمەرگەی خانەنشین بوون و هاوڵاتییەکی دیکەش بریندار بوو.

ئەگەر دەسەڵاتی پەدەکە سەروەت و سامانی ئەو هاوڵاتییانەى و خەڵکی هەرێمی کوردستانی نەبردایە و خەزێنەى سەرانى ماڵی بارزانى پێ دەوڵەمەند نەکردایە، ئەگەر بە پارەى ئەو هاوڵاتییانە لە ئەمریکا و ئەوروپا موڵک و ماڵی ملیۆنان دۆلاریان نەکڕیایە، ئێستا ئەو هاوڵاتییانە ناچار نەدەبوون بۆ بژێوی ژیانی خۆیان بخەنە مەترسییەوە و گیانی خۆیان بخەنە بەر تۆپ و فڕۆکەی دەوڵەتى داگیرکەری تورک و شەهید نەدەبوون.

٢٩ـی مانگی ڕابردوو لەناو شاری سلێمانیدا دەوڵەتى تورک پزیشکێکی بەناوی عەبدولقادر سەبری تۆپراق”ـە، کە خەڵکی بەدلیسی باکووری کوردستان بوو تیرۆر کرد، تەنیا یەک ڕۆژ دواتر و لە١ـی ئەم مانگەش فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی داگیرکەریی تورک، بۆردوومانی خانووی هاوڵاتییەکی لە سەنتەری شارۆچکەی کەلار کرد و بەهۆیەوە هاوڵاتییەک شەهید بوو.

دەسەڵاتی پەدەکە کە حکومەتى هەرێم بەڕێووە دەبات نە لەسەر شەهیدکردنى هاوڵاتییان لە ڕابردوو نە لەسەر ئەو شەش هاوڵاتییە تەنیا وشەیەکی نەوتووە و شەریکەکانیشی لە حکومەتدا بێدەنگ کردووە کە هیچ لەسەر خوێنڕشتنى هاوڵاتییانى هەرێم نەڵێن و قڕ و قەپی لێ بکەن.

کاتێک ڕژێمی ئێران بۆردوومانی ماڵی پێشڕەو دزەیی لە هەولێر کرد، پەدەکە و سەرانى ماڵی بارزانى هەڵایەکی گەورەیان لەسەر نایەوە و خۆپیشاندان و ناڕەزایەتى گەورەیان نیشاندا، بەڵام هاوڵاتییانى بێتاوان لە ناوچەکانى دیکەى هەرێم شەهید دەکرێن دەنگیان لێوە نایەت، لەبەرئەوەى سەرۆک و ئاغاکەیان لە ئەنقەرە لێیان نەڕەنجێت.

دەسەڵاتی پەدەکە خوێن و گیانی هاوڵاتییانى هەرێمی پێشکەشی ئەردۆغان و دەوڵەتە داگیرکەرەکەی کردووە، بۆیە پەدەکە بەو بنەمایە مامەڵە لەگەڵ دەوڵەتى تورک دەکات کە دەڵێت” ڕووح و گۆشتەکەى بۆ تۆ و ئێسکەکانیشی بۆ من”.

دەسەڵاتی پەدەکە بەجۆرێکی دیکە سوکایەتى بە ڕووحی ئەو شەهیدانە و خێزانەکانیان دەکەن، ئەویش هۆکاری شەهیدبوونەکەیان نانووسێت و بە شەهیدیش هەژماریان ناکات، بەڵکو بۆیان دەنووسێت بە هۆکارێکی نادیار یان بە ڕووداوی هاتووچۆی یاخود بە ڕووداوی تەقەکردن کوژراون، بۆ ئەوەى بەشەهید هەژمار نەکرێن و مووچەیان بۆ نەبڕدرێتەوە، هاوکات لە پاشەڕۆژدا داوای قەرەبووی شەهیدکردنیان لە دەوڵەتى تورک نەکرێت.

دەوڵەتى داگیرکەری تورک و پەدەکە بە هاوبەشی پیلانێک بەڕێووە دەبەن کە بریتییە لە چۆڵکردنى گوندەکانی سنووری پارێزگای دهۆک و هەولێر، بۆ ئەوەش تائێستا زیاتر لە ٤٠٠ گوند لەناوچە سنوورییەکانى ئەو دوو پارێزگایە چۆڵ کراون، هاوکات هاوڵاتییان و گەشتیارانیش ناتوانن بچنە گوندەکانیان و ناوچە شاخاویەکان چی بۆ گەشت و چی بۆ کۆکردنەوەى گژوگیای بەهارە، بۆ ئەوەى تەواوی ناوچەکە لەلایەن دەوڵەتى تورکەوە داگیر بکرێت.

بەپێی ئامارێکی ڕێکخراوی (سی پی تی) لە مانگی ١ـی ئەمساڵەوە تائێستا دەوڵەتى داگیرکەری تورک ٢٤١ جار هێرش و بۆردوومانى ئەنجامداوە بەهۆیەوە چوار کەس شەهید بوون و دوو کەس بریندار بوون، بەوەش ژمارەى ئەو هاوڵاتیانەى بەهۆی بۆردوومانەکانى دەوڵەتى تورکەوە شەهید بوون لەمانگی ئابی ساڵی ٢٠١٥ـەوە تا ئێستا ١٦٣ هاوڵاتیی مەدەنیی شەهید بوون و ٢٣١ هاوڵاتیی دیکەش بریندار بوون.

هـ.ح

Comments are closed.