داوا دەکرێت عێراق وەڵامى هێرشەکانى دەوڵەتی تورك بداتەوە

 وسام زەهرونی

بەپێی لێدوانی وەزیر بەرگریی دەوڵەتی تورك و بەرپرسانی ئەو وڵاتە، لە ماوەكانی داهاتوودا بەنیازی ئەنجامدانی هێرشی سەربازیین لە خاكی عێراق و هەرێمی كوردستان، ئەمەش وایكردووە چاودێران و پەرلەمانتارانی عێراق داوا لە حكومەت بكەن، ڕێوشوێنی خێرا بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێكی ئەو دەوڵەتە داگیرکەرە بگرێتەبەر.

لەبارەى وتەکانى بەرپرسانى دەوڵەتى تورک سەبارەت بە ئەنجامدانى هێرش و داگیرکارییەکان بۆسەر باشورى کوردستان و چاودێرانى عێراق بەمجۆرە بۆ ئاژانسى ڕۆژنیوز دەدوێن.

حسێن عامری
حسێن عامری

لەوبارەوە حسێن عامری ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، پێویستە حكومەتی عێراق هەنگاوى جدی بنێت، بۆ ئەوەی توركیا نەتوانێت هیچ هێرشێكی وشكانی لە ناو خاكی عێراق دەستپێبكات، چونكە ئەمە پێشێلكردنی سەروەری عێراقە و ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەكەمان دەخاتە بەردەم مەترسیەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، پێویستە چاودێری جموجۆڵە گوماناوییەكانی سوپای تورك لەسەر سنووری عێراق بكرێت، دەبێت بە فەرمی پاسەوانی سنووری عێراق لەسەر سنوورەکان هەبێت، بۆ ئەوەی هیچ هێزێكی بیانی نەیەتە ناو خاكی عێراقەوە، چونكە بوونى ئەو هێزانە بە داگیركاریی دادەنرێت.

باسی لەوەشكرد، پێویستە حكومەتی عێراق هەنگاوەكانی خێراتر بكات، بۆ دوورخستنەوەی هێزەكانی دەوڵەتی تورك لە هەرێمی كوردستان، هەروەها ڕێگە نەدات بە فراوانكردنی ئەم داگیركارییە لە قوڵایی خاكی عێراق و بە مەبەستى ڕێگریكردن لە هێرشەكانی توركیا پێویستە پەرلەمان هەڵوێستی هەبێت.

جێگای سەرنجە، ڕۆژنامەی دەیلی سەباحی توركی چەند ڕۆژ لەمەوبەر بڵاویكردەوە، یاشار گولەر وەزیری بەرگری دەوڵەتی داگیركەری تورك بە نیازە لە ئایندەیەكی نزیكدا “ئۆپەراسیۆنێكی سەربازیی گەورە” لە عێراق دەستپێبكات.

كازم حاج
كازم حاج

هەروەها، كازم حاج، شرۆڤەكاری سیاسیی بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، پێویستە حكومەتی عێراق هەڵوێستی بەهێزى هەبێت، بۆ ڕاگرتنی هێرشەكانی توركیا و دەستپێكردنی هەر هێرشێكی زەمینی دژی سەروەری عێراق، بۆیە دەبێت عێراق دژی هەر هێرشێكی دەوڵەتی تورك بووەستێتەوە و تەنانەت بە بەكارهێنانی ڕێگەی سەربازیش بێت.

ڕوونی كردەوە، پێویستە عێراق لە ڕێگەى كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەنگاو بنێت، بە مەبەستى ڕاگرتنی داگیركارییەکانى دەوڵەتی تورك لە عێراق، چونكە ئەم بابەتە بووەتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، بێ دەنگبوون لێی بە واتای فراوانبوونی ئەم داگیركارییە دێت بە شێوەیەكی مەترسیدارتر، هەر لەبەر ئەم هۆكارەش دەبێت بە خێرایی هەنگاو بنێین، بۆ دوورخستنەوەی هێزی دەوڵەتی تورك.

دەشڵێـت: زانیاریەكان ئەوە پشتڕاست دەكەنەوە، كە توركیا نیازی دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لەناو خاكی هەرێم و عێراق هەیە، هەر بۆیە دەبێت سنوورەكان كۆنترۆڵ بكرێن و هەموو بۆشاییەكان دابخرێن بۆ ئەوەی هێزەكانی توركیا نەتوانن پێشڕەوی بكەن.

ئەوەش لەکاتێکدایە، دەوڵەتى تورک بە هاوكاری پەدەكە بەردەوامە لە بۆردوومانكردنی خاكی عێراق و گوندەكانی هەرێمی كوردستان و كردنە ئامانجی خەڵكی مەدەنی، بەڵام حکومەتى عێراق و هەرێمى کوردستان لەوبارەوە هەڵوێستیان نەبووە.

ئاژانسی ڕۆژنیوز لە ڕاپۆرتێكدا لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا ئاشكرایكرد، دەوڵەتى تورک هەوڵدەدات بەهەر شێوازێك بێت، دەسەڵاتى خۆی بەسەر ئەو ناوچ كوردییەدا بسەپێنێت، كە لە عێراقەوە تا سووریا درێژدەبێتەوە.

هـ.ئ

Comments are closed.