جەلیل زەنگەنە: زوڵم و ستەم لە کوێ بێت گەردەلول لەوێ دەستپێدەکات

سلێمانی

سینارست و دەرهێنەری دیاری گەلی کورد جەلیل زەنگەنە سەبارەت بە زنجیرە درامای گەردەلول وتی: زوڵم و ستەم لە کوێ بێت گەردەلول لەوێ دەستپێدەکات، لە بەشی ٤ و ٥ دراماکەدا گرنگترین ڕووداو و مەرگەساتەکانی گەلی کورد بۆ نەوەکانی ئێستا و داهاتوو نمایش دەکەین.

جەلیل زەنگەنە سینارست و دەرهێنەری زنجیرە درامای گەردەلول لەبارەی دەستپێکردنەوەی دراماکە لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنیوز وتی: ئامادەکارییەکان تەواو بووە بۆ دەستپێکردنەوەی زنجیرە دراماکە لە ئایندەیەکی نزیکدا دەستدەکرێت بە تۆمارکردن.

سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی بەشی ٤ و ٥ لە زنجیرە درامای گەردەلوول جەلیل زەنگەنە دەرهێنەری دراماکە وتی: هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی دەستپێکردنەوەی زنجیرە درامای گەردەلولن، بەتایبەت ئەوانەی بەشەکانی ڕابردووی زنجیرە دراماکەیان بینیووە، چاوەڕوانی دەستپێکردنەوەی دراماکەن.

سەبارەت بە ئامادەکاریەکانی دەستپێکردنەوەی دراماکە ئەو دەرهێنەرە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، تەواوی هەردوو بەشی ٤ و ٥ لە زنجیرە درامای گەردەلول کاری نووسینەوەی بۆ کراوە، لە ئایندەیەکی نزیکدا دەستدەکرێت بە تۆمارکردنی زنجیرەکانی دراماکە.

هەروەها سەبارەت بە ژمارەی زنجیرەکانی بەشی ٤ و ٥ دراماکە ڕوونیکردەوە، کە لە ٣٠ زنجیرە پێکهاتووە کە ڕووداووەکانی ساڵانی ١٩٨٢ تاوەکو دوای ساڵی ١٩٩١ دەگێڕێتەوە، کە هەردوو مەرگەساتی سەر گەلی کورد ڕووداوەکانی جینۆسایدی ئەنفال و کارەساتی کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجە، و چەندین ڕووداوی دیکەی دیاری ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەخاتە بەرچاوی بینەر.

 هاوکات لە ڕێگەی ڕۆژ نیوزەوە باس لە بەشی کۆتایی زنجیرە دراماکە دەکات و وتیشی: لە کۆتایی دراماکەدا باس لە ڕووداوەکانی ڕاپەڕین و کۆڕەوەکەی گەلی کورد دەکات، پاشان کۆتایی بە بەشی ٤ و ٥ ی زنجیرە دراماکە دێت.

 لەبارەی بەردەوامیدان بە دراماکە ڕایگەیاند: لە دوای بەرهەم‌‌هێنان و کۆتایهاتنی بەشی ٤ و ٥ دراماکە من لە کاری دەرهێنان و بەرهەمهێنانی بەشەکانی داهاتووی دراماکە ڕادەوەستم، و ڕادەستی دەرهێنەرانی پاش خۆمی دەکەم کە کاری لەسەر بکەن و وەک لە دراماکەدا باسکراوە ستەم لە کوێ بێت گەردەلول لێیەوە دەستپێدەکات.

گەردەلوول درامایەکی تەلەڤیزیۆنییە، کە لەنێوان ساڵانی ٢٠٠٥ بۆ ٢٠١٣ سێ وەرزی لێ بەرھەمھێنرا لەلایەن سیناریۆنووس و دەرھێنەر جەلیل زەنگەنە کاری نووسین و دەرھێنانی بۆ کراوە، زنجیرەکە تا ئێستا سێ وەرزی لێ بەرهەمهێنراوە، وەرزی یەکەم و دووەمی ٥٠ ئەڵقە بوو وەرزی سێیەمیشی ٦٠ ئەڵقە بوو.

هـ.ح

Comments are closed.