٣٣ ساڵ دوای کۆڕەو.. ئامانجەکان نەهاتنەدی و دەستکەوتەکان لەناوبران

ناوەندی هەواڵەکان

لە کۆتایی مانگی ئاداری ساڵی ١٩٩١ زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە باشووری کوردستان لەیەک کاتدا دژی ستەم و حوکمی ئاگر و ئاسنی ڕژێمی بەعسی دیکتاتۆر ڕاپەڕین و ژیانی ژێر دەستەیی و چەرمەسەرییان ڕەتکردەوە، ئەوان بۆ ژیانێکی ئارامی دوور لە ئەنفال و کیمیاباران و ئەشکەنجەى ناو زیندانەکان دەنگی “نا”یان بەرز کردەوە و ملی ڕێگایان گرتەبەر بۆ دۆزینەوەی پەناگەیەکی ئارام.

ئەمڕۆ ٣٣ ساڵ بەسەر کۆڕەوی گەلی باشووری کوردستادا تێپەڕ دەبێت کە بە “کۆڕەوە مەزنەکە” ناسراوە، لە بەرەبەیانی ٣١ـی ئاداری ساڵی ١٩٩١ کە هێشتا خۆر تازە لە کەل سەری دەرهێنابوو هێشتا زەوی گەرم نەکردبوو، خەڵکی باشووری کوردستان هاوار و ناڵەى لێهەستا و بەیەک دەنگ و دەست، دژی ڕژێمی سەدام حسێن کۆڕەوی ملیۆنیان ئەنجامدا

ڕاپەڕین یەکەم قۆناغی خۆی تەواو کردبوو کە لە ٥ـی ئادار لە ڕانیە دەستى پێکرد و تەواوی باشووری کوردستان لە ڕژێم پاککرایەوە، بەوەش ئاسۆیەکی نوێ لە ژیانی ئەو بەشەى کوردستان دەستی پێکرد، بەڵام تەنیا ١٠ ڕۆژ دوای کۆتایی هاتنی ڕاپەڕینەکە، ڕژێمی بەعس بە هەموو توانا سەربازی ئاسمانی و زەمینییەکەی خۆیەوە هێرشی بۆسەر باشووری کوردستان دەست پێکردەوە، بەو ئامانجەی بتوانێت کۆنتڕۆڵی کوردستان بکاتەوە.

 بۆیە لە ٣١ـی ئادار خەڵکی باشوور ڕازی نەبوون بچنەوە ژێر چەنگ و چەپۆکی ئەو ڕژێمە دیکتاتۆرە و لە ترسی کیمیابارانکردن و ئەنفالکردن خەڵکی باشوور ملیۆنێک و ٦٠٠ هەزار کەس ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشت و کۆڕەویان دەست پێکرد و ڕوویان لە سەر سنوورە دەستکردەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد.

ئەو وێنە و ڤیدیۆیانەى ئەو ڕۆژانە تۆمار کراون دیمەنى تراژیدیای ئەو ڕووخسارو جەستە شەکەتەیە کە بە ڕووی خەڵکی کوردستانەوە دیارە بۆ هەمیشە لە یادەوەری هەموو کوردێکدا دەمێنێتەوە و بۆ نەوەى داهاتووش وانەیەکى زۆر کاریگەر و سوودبەخشە کە گەلی کورد هیچ کاتێک ئامادە نییە داگیرکاریی و چەوسانەوە قبوڵ بکات.

کۆڕەو لە کاردانەوەی هێرشی بەرفراوانی ڕژێمی بەعس بوو بۆسەر باشووری کوردستان، خەڵکی باشوور ڕووی لەسەر سنوورە دەستکردەکانى باکوور و ڕۆژهەڵات کرد، لە ماوەیەکی کەمدا ژمارەیەکی زۆری کامپی کاتی لەسەر سنووری ئەو دوو وڵاتە درووستکران.

ئێران هەر زوو سنوورەکانی بەڕووی کورد دا کردەوە، بەڵام دەوڵەتى تورک وەک پیشەى هەمیشەیی خۆی کە دژی هەموو کوردێکە، سەرەتا ڕەتیکردەوە سنوورەکەی بەڕووی پەنابەراندا بکاتەوە، بەڵام دواتر بەهۆی فشاری کۆمەڵگەى نێودەوڵەتی و وەرگرتنی پارەیەکى زۆر بەناوی خەڵکی باشوورەوە، ئینجا سنووری بەڕووی خەڵکی باشووردا کردەوە.

هەر لە دەرچوون لە ماڵەکانیانەوە تا سەر سنوورەکانى باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر ڕێگای گەیشتن بەو سنوورانە، هەزاران کەس لە پیر و منداڵ و نەخۆش و پەککەوتە گیانیان لەدەستدا کە برسییەتى و تینوێتی و سەرما و ئازاری نەخۆشی و ڕێگا بڕستى لێ بڕیبوون و گیانیان دەرچوو.

نەک هەر ئەوانەش، بەڵکو ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی لە ڕێگەی کۆڕەوەکەدا لە لایەن هێلیکۆپتەرەکانی گاردی کۆمارییەوە کرانە ئامانج و شەهیدکران، بەشێکی زۆریان بریندار بوون کە هەندێکیان چارەسەر کران و هەندێکی دیکەشیان بە ئازاری برینەکانیانەوە گیانیان دەرچوو.

مینە چێنراوەکانى هەردوو ڕژێمی بەعسی فاشیست و ڕژێمی ئێران سەدان کەسی لە خەڵک لە ڕێگای کۆڕەوەکەدا لەسەر سنوورەکان شەهید و بریندار کرد، کە لە ماوەى شەڕی ٨ ساڵەى ئەو دوو دەوڵەتە دژە کوردە دا چێنرابوون.

ئەمانە تەنیا ئازار و مەرگی ڕێگای کۆڕەوەکە بوون، بەڵام چیرۆکە تراژیدیاکە تەنیا لێرەدا کۆتایی نەهات، بەڵکو چیرۆکی ئازار و مردن لەناو ئەو کامپانەى بۆ خەڵکی باشوور لە تورکیا و ئێران دروست کرابوون بەردەوام بوو، برسێییەتى و نەبوونى خۆراک و دەرمان بۆ چارەسەرکردنى قوربانیانى ڕێگای کۆڕەوەکە و سەرمای بێئەندازە لەناو کامپەکاندا گیانی بەشێکی زۆری لە ژن و منداڵ و پیر سەندەوە، کە بە پێی ئامارەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و ڕێکخراوە مرۆییە نێودەوڵەتییەکان لەو کاتەدا لەسەر سنووری تورکیا ڕۆژانە ٥٠٠ تاوەکو هەزار کەس گیانیان لەدەستدەدا.

دەوڵەتى تورک لەوکاتەدا دەستى بەسەر هەموو ئەو هاوکارییانەدا گرتبوو کە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ خەڵکی باشوور لە کامپەکاندا دابینیان کردبوو، بۆیە دەوڵەتى تورک بە ئارەزووی خۆی و وەک سزادانێک بەشی هەرە کەمی بۆ خەڵکی کامپەکان دابەش دەکرد، زۆرجاریش ڕێگری لە گەیاندنی دەرمان و هاوکارییەکانى دیکە دەکرد.

وێنە و تۆمارە ڤیدیۆیەکانى دۆخی ژیانى خەڵکی باشوور لەناو کەمپەکانی تورکیا و ئێران لەوکاتەدا میدیا جیهانییەکانى تەنی، بۆیە ئەمەش کاریگەرترین ئامڕاز بوو بۆ گەیاندنى دۆخی کامپەکان و ئازاری خەڵک، ئەوەش سەرنجی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتى ڕاکێشا بیر لە ڕێگەچارەیەک بکەنەوە بۆ زوو فریاکەوتنى خەڵکی ئەو کامپانە کە ئەو کوردانە بوون سیاسەت و حوکمی ڕژێمی سەدامی داگیرکەریان ڕەتکردەوە.

گەیشتنى ئەو پەیامە لە میدیا جیهانییەکانەوە، ئەمریکا و هاوپەیمانی جەنگی کەنداوی هێنایە دەنگ و بڕیاریاندا ناوچەی دژە فڕین درووست بکەن بۆ گەیاندنی هاوکاری مرۆیی، هاوکات ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاری ژمارە ٦٨٨ـی دەرکرد بۆ وەستاندنی هێرشی سوپای ئەو کاتی عێراق بۆ سەر باشووری کوردستان.

ڕێکخراوە مرۆییەکان دەستیان بە گەیاندنی خواردن و دەرمان و پێداویستییە سەرەتاییەکان کرد بۆ نێو کامپەکان دوای ئەوە، کۆچی پێچەوانەی کورد بەرەو ناوچەکانی خۆیان دەستیپێکردەوە و پەیتا پەیتا خەڵکی باشوور لە کامپەکانەوە دەگەڕانەوە بۆ باشووری کوردستان.

ئێستا دوای ٣٣ ساڵ لە تێپەڕبوون بەسەر ئەو کوڕەوەدا و خەڵکی باشوور لەلایەک گیرۆدەى سیاسەتى خراپ و حکومڕانى چەوتى دەسەڵاتدارانى هەرێمن، لەلایەکیش گیرۆدەی هێرشی داگیرکاری و بۆردوومان و تیرۆرکردنەکانى دەوڵەتى داگیرکەری تورکن.

هێشتا خەڵکی هەرێمی کوردستان پێیانوایە کە ئامانجەکانی ڕاپەڕین و کۆڕەوە مەزنەکە بە دینەهاتوون و دەستکەوتەکانیش لەناوبراون، دەسەڵاتی خۆماڵی کوردیی هەمان ئەو هەڵانە دووبارە دەکاتەوە کە خەڵکی باشووری کوردستان لەدژی ڕاپەڕین و کۆڕەویان ئەنجامدا.

هـ.ح

Comments are closed.