هەوڵەكانی عێراق دەتوانێت هێرشەكانی دەوڵەتی داگیركەری تورك ڕابگرێت؟

وسام زەهرونی

حكومەتی عێراق هەوڵەكانی بۆ كۆنترۆڵكردنی سنوورەكانى لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ چڕتر كردووەتەوە، بە مەبەستی ڕێگریی كردن لە هەر جۆرە دەستدرێژییەكی دەوڵەتی تورك، بەڵام زۆرجار هەوڵەكانی حكومەت ڕووبەڕووی چەند ئاستەنگێك دەبنەوە، دیارترینیان نەبوونی هێزی فیدراڵییە لە سنوورەكانی هەرێم، ئەمەش بۆشایی بۆ هێرشەكانی دەوڵەتی تورك خۆش دەکات.

پەرلەمانتارانی عێراق و شارەزایانى سەربازی لە بارەی هێرشەكانی دەوڵەتی داگیركەری تورك بۆ سەر هەرێم و عێراق، هەروەها ڕێگریی كردنی پەدەكە لە بوونی پاسەوانی فیدراڵی لە سنوورەكانی هەرێم، بۆ ئاژانسی ڕۆژنیوز دەدوێن.

مەهدی تەقی
مەهدی تەقی

مەهدی تەقی ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، حكومەت هەوڵێكی زۆر دەدات بۆ كۆنترۆڵكردنی دۆسییەی سنوورەكانی عێراق، پڕكردنەوەی هەموو بۆشاییەكان، بەتایبەتی سنوورەكانی لەگەڵ توركیا، بۆ ئەوەی ڕێگری هەر دەستدرێژییەكی هێزەكانی توركیا لە عێراق بكات.

ئاماژەی بەوەشكرد، لە كۆبوونەوەی ئەم دواییەی عێراق و توركیا لە بەغدا باس لە پرسی پاراستنی سنوورە هاوبەشەكان و ڕێگریی كردن لە هەر دەستدرێژییەك لەلایەن هێزەكانی توركیا و پێویستی دوورخستنەوەی سەرجەم هێزەكانی توركیا لە ناوخۆی عێراق كرا و بەم نزیکانەش بۆ چارەسەر كردنی ئەم پرسە كۆبوونەوەی نوێش دەکرێت.

دەشڵێت: پاراستنی سنوورەكان گرنگییەكی ئەمنی و سەربازیی زۆری هەیە، بۆ ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، هەر بۆیەش حكومەت زۆر گرنگی بەم دۆسییە دەدات، بەتایبەت دوای سەركەوتنی گەورە لە پاراستن و كۆنتڕۆڵكردنی سنوورەكانی عێراق و سووریا، دەیەوێت ئەم سەركەوتنەش بگوازرێتەوە بۆ باقی سنوورە هاوبەشەكانی لەگەڵ هەموو وڵاتانی دراوسێدا.

ئەحمەد شەریفی
ئەحمەد شەریفی

هەروەها، ئەحمەد شەریفی شارەزایی كاروباری سەربازی بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، كۆنتڕۆڵكردنی سنوورەكانی عێراق لەگەڵ هەموو وڵاتانی دراوسێدا بابەتێكی گرنگە، چونكە ئەم بابەتە پەیوەستە بە كۆنتڕۆڵكردنی ئاسایشی ناوخۆ و ڕێگریكردن لە هێرشە جۆراوجۆرەكان و دزەكردنی قاچاخچێتی جۆراوجۆر، هەر لەبەر ئەم هۆكارەش كۆنترۆڵكردنی سنوورەكان لە بەرژەوەندی حكومەتدایە.

ئەوەشی خستەڕوو، ئاستەنگییەكانی كۆنترۆڵكردنی سنووری عێراق لەگەڵ توركیا كێشەیەكی سەربازییە، چونكە بەشێك لەو سنوورانە هێشتا لەژێر كۆنترۆڵی هەرێمی كوردستاندان و هاتنە ناوەوەی هەر هێزێكی فیدراڵی ڕەتدەكەنەوە، ئەمەش هۆكارێكە بۆ هاتوچۆیی ڕۆژانەی هێزەكانی توركیا لە هەرێم و عێراق.

باسی لەوەشكرد، كۆنتڕۆڵكردنی سنوورەكان لەگەڵ توركیا بە شێوەیەكی پارێزراو و تەواو كاتێك ڕوودەدات، دۆسییەی سنوورەكان ڕادەستی هێزە فیدراڵیەكانی عێراق بكرێت، بە پێچەوانەوە سنوورەكان بێ ئەمنی دەمێننەوە و بۆشاییە ئەمنییەكان بۆ هێزەكانی توركیا فراونتر دەبێت، بۆ ئەوەی بچنە قووڵایی خاكی عێراقەوە بە شێوەیەكی زیاتر و مەترسیدارتر.

جێگەى ئاماژەیە، دەوڵەتی داگیركەری تورك بە هاوكاری پەدەكە بەردەوامە لە بۆردومانكردنی خاكی عێراق و هەرێمی كوردستان و كردنە ئامانجی خەڵكی مەدەنی، بەڵام تا ئێستا ئەم بابەتە نەخراوەتە سەر مێزی گفتوگۆی نێوان بەغدا و ئەنقەرە و هیچ سنوورێكی بۆ دانەنراوە.

هـ.ئ

Comments are closed.