بەهۆی وشكەساڵییەوە ملیۆنان هاوڵاتیی ئەفریقا ڕووبەڕووی برسێتی بوونەتەوە

ناوەندی هەواڵەكان

میدیا جیهانیەکان بڵاویان کردەوە، لە وڵاتانی باشووری ئەفریقا بەهۆی وشكەساڵییەوە ملیۆنان كەس ڕووبەڕووی برسێتی بوونەتەوە، شارەزایان هۆشداری لە خراپتربوونی دۆخەكە دەدەن، دەشڵێن، ئەم دۆخە كاریگەری لە سەر خەڵكی جیهان هەیە، بە تایبەتی لەسەر وڵاتانی هەژار زیاتر هەیە و بەجۆرێک نزیكەی٢٠ ملیۆن كەس لە ئەفریقا پێویستیان بە هاوكارییە.

میدیا جیهانییەكان لە بارەی وشكەساڵی و بڵاوبوونەوەی برسێتی لە ناو ملیۆنان هاوڵاتی باشووری ئەفریقا زانیاری نوێ دەخەنەڕوو.

كەناڵی سكای نیوز بڵاوی كردەوە، تەنها چەند مانگێك لەمەوبەر باشووری ئەفریقا تووشی شەپۆلێكی گەرمای كوشندە بوەوە، بەجۆرێک وڵاتانی زامبیا و مالاوی بەهۆی وشكەساڵییەوە باری نائاساییان ڕاگەیاندووە، ڕەنگە زیمبابۆییش هەمان كار بكات.

هەروەها، بەپێی هەواڵی ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس، لە هەواڵێکدا باسى لەوەکردووە، بە نزیكەی ٢٠ ملیۆن كەس لە باشووری ئەفریقا پێویستیان بە هاوكارییە، ڕەنگە زۆرێكیان بە ئاسانی ئەو یارمەتییەیان بەدەست نەگات.

سندوقی منداڵانی نەتەوە یەكگرتووەكان (یونیسێف) بڵاوی كردەوە، لە مالاوی بە نزیكەی نۆ ملیۆن كەس، كە نیوەیان منداڵن، پێویستیان بە هاوكارییە، هەروەها لە زامبیا زیاتر لە شەش ملیۆن كەس، كە سێ ملیۆن منداڵیان تێدایە بەهۆی وشكەساڵییەوە زیانیان بەركەوتووە.

ئاماژە بەوەشكراوە، نزیكەی پێنج ملیۆن كەس لە سوودان لە لێواری برسێتی كارەساتباردان.

ئەوەش لەکاتێکدایە، وڵاتانی ئەفریقا لەو ناوچانەن، كە زۆرترین كاریگەری گۆڕانی كەشوهەوایان لەسەرە، بەجۆرێک لەو ڕوەوە نەیجیریا لە پێشەنگی وڵاتانی ئەفریقایە .

لەوبارەوە ئیڤا كادیلی، بەڕێوەبەری هەرێمی یونیسێف ڕایگەیاندووە، بەداخەوە پێشبینی دەكرێت گۆڕانکارى كەشوهەوا لە ساڵانی داهاتوودا ببێتە كێشەی گەورە لە ڕۆژهەڵات و باشووری ئەفریقا.

فرانسیسكا ئێردلمان، بەڕێوەبەری بەرنامەی خۆراكی جیهانی لە زیمبابۆی ڕایگەیاند، بەرهەمی ساڵی ڕابردوو خراپ بووە، بەڵام ئەم وەرزە خراپترە، ئەمەش بارودۆخێكی ئاسایی نییە.

هـ.ئ

Comments are closed.