خەلیل داغ.. ئاوێتەی هونەر و شۆڕشی ئازادیی

ناوەندی هەواڵەکان

هەر لە دەستپێکەوە، شۆڕشی ڕزگاریی گەلی کورد تەواوی بوارەکانی ژیانی گرتەوە، لەگەڵ داواکردنی مافەکان و هەوڵەکان بۆ ئازادیی، پرسی هونەریش گەشت بە لوتکەی خۆی، خەلیل داغ یەکێک لەو گەریلایانە بوو، توانی هونەر و شۆڕش ئاوێتەی یەکدی بکاتەوە و بە بەرهەمەکانی شۆڕش زیاتر ئاشنا بە گەل بکات.

خەلیل ئوسال ناسراو بە خەلیل داغ، لە ٣١ـی ئایاری ساڵی ١٩٧٣، لە خێزانێكی وڵاتپارێز لە ئەڵمانیا لە دایکبووە، هەر لە منداڵییەوە لەگەڵ کەلتووری کوردیی و تورکییدا گەورەبووە، لە سەرەتاکانی تەمەنییدا ئاشنا بوو بە کامێرا و وێنەگرتن، ئەوەش پاڵنەری سەرەکی بوو بۆ ڕووکردنە هونەر و کاری ڕۆژنامەنووسیی و دەبێتە یەکێك لە دامەزرێنەرانی یەکەمین کەناڵی کوردیی “مەد تیڤی”.

لە کارەکەیدا بە تەواوی قوڵ دەبێتەوە لە فکر و فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و شۆڕشی گەلی کورددا، سا بۆیە ڕوو دەکاتە چیاکانی کوردستان، چەکی شۆڕش و کامێراکەی دەکات بە سەرچاوەی دەیان بەڵگەفیلم و دیمەنی نەبینراوی گەریلاکانی ئازادیی دەگوازێتەوە بۆ تەواوی جیهان.

داغ، لە چیا ئازادەکانەوە وێستگەیەکی نوێ لە ژیانی دەست پێدەکات، هەموو بنەماکانی گەریلایەتی لە خۆیدا دەچەسپێنێت و حەز و خەونەکەی تێکهەڵکێش دەکات و لە چاوی کامێراکەیەوە چیرۆک و بەرخۆدان و ژیانی گەریلا تۆمار دەکات، سینەما و هونەر ئاوێتەی یەکدی دەکات و سەرەتای مێژوویەکی نوێ لە شۆڕشدا دەنووسێتەوە.

یەکێك لە گرنگترین بەرهەمەکانی فیلمی “بێریتان”ـە، کە باس لە بەرخۆدان و ڕادەستنەبوونی شەهید بێریتان هێڤی بە دەوڵەتی داگیرکەری تورک و هێڵی خیانەت دەکات و دەبێت بە یەکێک لە ئەستێرە هەرە گەشاوەکانی وڵات، دواتریش چەندین بەڵگەفیلم و کاری هونەریی بەرهەمهێنا.

خەلیل داغ، لەگەڵ بەشداربوونی لە تەڤگەری ئازادیی گەلی کورددا، بە دۆڵ و لوتکەی چیاکاندا دەستدەکات بە لێگەڕێن و چیرۆکی نەبەردی و بەرخۆدانی هەر گەریلایەک لە کامێراکەی یان لاپەڕەکانی دەفتەرەکەیدا تۆمار دەکات.

١٦ ساڵ بەر لە ئێستا و لە ١ـی نیسانی ساڵی ٢٠٠٨، لە هێرشێکی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە بۆتان، خەلیل داغ، ڕۆژنامەنووس و دەرهێنەر، لەگەڵ ژمارەیەک لە هەڤاڵانیدا شەهید بوو، بەڵام ئەوە نەبووە هۆی کوژاندنەوەی ئەو مەشخەڵەی دایگرساندبوو، بەڵکو ئەرشیڤ و بەرهەمەکانی بوون بە سەرچاوەی ئاشنابوونی هەزاران کەس بە بزووتنەوەی ئازادیی و بۆ هەمیشە لە زهنی هەر تاکێکی ئازادییخوازدا دەمێنێتەوە.

ب. جـ

Comments are closed.