گرنگی ڕۆڵی خێزان لە پەروەدەکردنی منداڵێکی ئۆتیزمدا

سلێمانی

ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانیی ئۆتیزمە، پسپۆڕێكی تایبەتیش باس لە گرنگی ڕۆڵی دایک و باوک و پاشانیش کۆمەڵگە دەکات لە تێکەڵکردنەوەی ئەو منداڵانە بە کۆمەڵگە و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانیی.

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ھاوکاری ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی ٢ی نیسانی ھەموو ساڵێکی وەک ڕۆژی جیھانی ئۆتیزم دەست نیشان کردووە، بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی ژمارەی ئەوانەی لە جیھاندا ئۆتیزمیان ھەیە ٧٠ ملیۆنی تێپەڕاندووە.

ئۆتیزم حاڵەتێکە لە منداڵدا، کە نیشانەکانی لە تەمەنی سێ مانگ تاوەکو ساڵ و نیو دەردەکەوێت، سەرنجدانی کەم دەبێت و پەیوەندی لەگەڵ دایکیدا لە چاو منداڵی ئاسایی کەمترە، بەڵام لەڕووی گەشەی جەستەییەوە کێشەی نییە.

ساڵی ١٩٤٣ “لیۆكارنەر” ی پسپۆڕی نەخۆشی دەروونی منداڵان زۆرینەی خەسڵەت و نیشانەكانی دیاریكرد، ئەوەش بووە سەرەتای جیاکردنەوەی دیاردەکە، وشەی ئۆتیزم، كە لە بنچینەدا وشەیەكی یۆنانییە، بە مانای گۆشەگیری دێت و لە كوردیشدا پێی دەوترێت خودتەنهایی.

وەک پزیشكان ئاماژەی بۆ دەكەن، ئۆتیزم بریتییە لە دیاردەیەكی پەشۆكان یان تێكچوونی گەشەی مێشک، كە كار لە چەند لایەنەكی منداڵ دەكات، هەروەها كار لە كردار، ڕەفتارەكان، گوفتار، قسەكردن، تێگەیشتن و وەرگرتنی بابەتەكان دەكات.

لەبارەی ئایا ئۆتیزم نەخۆشییە یاخود نا، بۆچوونی جیاواز هەیە، بەشێک لە پزیشکان پێیان وایە نەخۆشییە ئەوەش لە ڕوانگەی ئەوەی پەیوەندی بە تێکچوونی گەشەی دەمارە مێشک و گەشەی مێشک هەیە، دەكرێت لە داهاتوودا نیشانەكانی و هۆكارەكانی دیاری بكرێن، لە هەمان كاتیشدا چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە، بەشێکی دیکەش بە دیاردە ناوی دەبەن و دەیبەستنەوە بە لایەنی دەروون و ژینگەی منداڵەکە.

هەرچەندە تا ئێستا بە تەواوی هۆکاری ئۆتیزم دیاری نەکراوە، بەڵام زۆرینەی شارەزایان باس لەوە دەكەن چەندین هۆکار هەن، کە دەكرێت دەرئەنجامی دەرکەوتنی دیاردەی ئۆتیزمی لێ بکەوێتەوە، وەک هۆکاری بۆماوەیی.

باس لەوەش دەکەن، زۆرینەی ئەو ژنانەی بە پێکوتە و دەرزی دووگیاندەبن بەڕێژەی جیاواز منداڵەکانیان توشبووى ئۆتیزمن، نەشتەرگەری منداڵبوون و دەرهێنانی منداڵ پێش تەواوکردنی ماوەی دووگیانی، هەروەها دواین توێژینەوەکانیش دەریان خستووە پیسبوونی ژینگە و خۆراک و سەرچاوەکانی ئاوی خاوێن کاریگەرییان لە سەر دەرکەوتنی دیاردەکە هەیە.

بۆ دەستکەوتنی زانیاری زیاتر دەربارەی ئۆتیزم و شێوازەکانی دەستنیشان کردنی لە هەرێمی کوردستان، ڕۆژنیوز چاوپێکەوتنێکی تایبەتی لەگەڵ میدیا عومەر حسێن، سەرپەرشتیاری پەروەردەی تایبەت ئەنجامدا.

میدیا عومەر
میدیا عومەر

میدیا عومەر سەرەتای وتەکانی بەوە دەستپێکرد، کە سەرجەم ڕاگەیاندن و ناوەندە پەیوەندیدارەکان بەشێوەیەکی جدی کار لەسەر بابەتی ئۆتیزم بکەن و گرنگی بەو ڕۆژە بدەن، کە ٢ـی نیسانە و بۆ بڵاو کردنەوەی هۆشیاری دەربارەی “ئۆتیزم” دیاری کراوە.

لەبارەی ئەوەی ئایا ئۆتیزم نەخۆشییە یاخود دیاردە، دووپاتی کردەوە، کە ئەوان وەک سەرپەرشتیاری پەروەردەیی ناتوانن بڕیار بدەن، بەڵام گومان لەوەدا نییە هەرکامێکیان بێت بوونی هەیە و پێویستە بەشێوەیەکی ئەکادیمی و زانستیی درووست مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.

لەبارەی نیشانە و دەستنیشان کردنی ئۆتیزم مامۆستا میدیا وتی: بۆ دەستنیشان کردنی دەبێت وەڵامی ٥٠ پرسیاری تایبەت بە منداڵەکە بدرێتەوە، کە لانیکەم دەبێت ٢٥یانی تێدا هەبێت لەگەڵ سێ دانەی دیکە، کە سەرەکیترینن و ئەوانیش، قسەنەکردن یاخود دەرنەبڕینی ڕستەی بەسوود، دووبارەکردنەوەی ڕەفتارێکی دیاری کراو و هەروەها نەبەستنی پەیوەندی چاو لەگەڵ دایک و باوک یاخود کەسانی دەورووبەر.

ئەوەشی خستەڕوو، دیاری کردنی ئۆتیزم بەتەنها کەسێک و پسپۆڕییەک ئەنجام نادرێت و هیچ کەسێک ئەو مافەی نییە بڕیارێکی لەو شێوەیە بدات، بەڵکو تەنها دەبێت لەڕێگەی لیژنەی تایبەتمەندە بکرێت.

دەربارەی دەرکەوتن و دیاریکردنی حاڵەتی ئۆتیزم لە هەرێمی کوردستان وتی: بێگومان ئۆتیزم بەردەوام بوونی هەبووە، بەڵام بەهۆی نەبوونی پسپۆڕیەکی تایبەت نەتوانراوە دەستنیشان بکرێت، ئێمەش لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە بەرکەوتنمان لەگەڵ یەکەم حاڵەتی ئۆتیزم هەبووە.

مامۆستا میدیا باسی لەوەشکرد، هەر گرفت یاخود حاڵەتێک لە منداڵدا هەبێت پێویستە بە پلان و نەخشە ڕێگەی دیاریی کراو مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، ئۆتیزمیش هاوشێوەی هەر گرفت یان حاڵەتێک پێویستی بە پلانسازیی هەیە تابتوانرێت گۆڕانکاریی لە ئاکارەکانیدا بکرێت.

لە وەڵامی هۆکاری دەرکەوتنی ئۆتیزم مامۆستا میدیا وتی: زۆربەی بۆچوونەکان تائێستا لەسەر ئەوە کۆکن، هۆکاری سەرەکی بۆماوەییە، بەڵام ژینگە و کەشی چواردەوریش کاریگەریی دەبێت.

ئەو پسپۆڕە وتیشی: ڕاستە شاشە هۆکارنییە بۆ درووستبوونی ئۆتیزم لە منداڵدا، بەڵام دەیخاتە دۆخێکەوە، کە چەند نیشانەیەکی هاوشێوەی ئۆتیزمی تێدا دەردەکەوێت، وەک ئەوەی منداڵەکە کاتێک بەردەوام بەدیار شاشەیەکەوە دابنیشێت، بێگۆمان ئارەزووی نابێت لە دەرەوە یاخود لەگەڵ منداڵانی دیکەدا یاریی بکات.

بۆیە بەجەختکردنەوە وتی: نابێت بەهیچ شێوەیەک تا تەمەنی دوو ساڵی منداڵ بەرکەوتنی لەگەڵ شاشەدا هەبێت، پاش ئەو تەمەنەش دەبێت لەڕێگەی بەرنامە و دیاریکردنی ئەو شتانەی دەیبنێت وردە وردە ئاشنا بکرێت پێی.

مامۆستا میدیا ئەوەشی خستەڕوو، ڕاستە هەبوونی بەرپرسیارێتی منداڵێک، کە جیاوازە لەگەڵ منداڵەکانی بۆ خێزان سەختە، بەتایبەت بۆ دایک، بەڵام تا زووتر دایکەکە دۆخەکە قبوڵبکات و ئەو دیارییەی خودا پێی بەخشیوون پەسەند بکات لەبەرژەوەندی منداڵەکەدایە، بەڵام ئەوەی لە ئەزموونی خۆیدا تێبینی کردووە دانپێدانانی خێزان بەو دۆخەی منداڵەکەیان زۆر بە زەحمەت دەبێت.

وتیشی: دەرئەنجامی ئەو قبوڵنەکردن و بەردەوام هیوا بوون بە تێپەڕاندنی و ئاسایی بوونەوەی منداڵەکە زیانێکی گەورەی پێدەگەیەنێت و هێندەیتر دوایان دەخات، چونکە تەمەنی سێ بۆ حەوت ساڵی زۆر زۆر گرنگە بۆ فێربوون و پەروەردەی منداڵ و هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی ئۆتیزم.

لەبارەی ڕۆڵ و کاریگەریی خێزانی گەورەش وتی: دایک و باوکی ئازا ئەوەیە، کە زوو دەڵێت، ئەمە منداڵەکەی منە و ئەمەش گرفتەکەیەتی من قبوڵمە، هەروەها پێوسیتە خێزانی گەورەش هاوکاریی ئەو دایک و  باوکە بێت، جا ئیتر بە لایەنی دەروونی، دارایی، یاخود هەر جۆرە هاوکارییەکی دیکە بێت پێشکەشیانی بکات.

هەروەها ڕەخنەی لە سیستمی حکومڕانی گرت و وتی: حکومەتیش پێویستە بەشێوەیەکی تایبەت مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆخە بکات، بەڵام بەهۆی نەبوونی کەسانی پسپۆڕ حکومەت، وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی (پەروەردە و کاروباری کۆمەڵایەتی)، حزبەکانیش گرنگی پێویست بە حاڵەتە تایبەتەکان نادەن و بەشێوەیەکی گونجاو خزمەتیان ناکەن، لە کاتێکدا ئەوە پێویستییەکی سەرەکییە، کە کۆمەڵگە هۆشیارێتەوە بەرامبەر ئەو حاڵەتە تایبەتانە، بۆ ئەوەی دایک و باوکی منداڵەکان ڕووبەڕووی تەنگەژەی دەروونی یاخود فشار نەبنەوە و کەمێک ئەرکەکەیان لەسەر شان کەمبکرێتەوە.

لە کۆتایی چاوپێکەوتنەکەشدا پەیامێکی ئاڕاستەی دایک و باوکانی خاوەن منداڵی ئۆتیزم کرد و وتی: ئەو منداڵەی هەتانە دیاریی خودایە پێتانبەخشراوە بۆیە دڵخۆشبن و بە هەموو تواناتانەوە قبوڵیان بکەن، هەروەها بۆ کۆمەڵگەش پێویستە ئەو منداڵانە بگرێتە خۆیی و هاوکاربێت لە تێکەڵکردنیان بە خەڵک، چونکە بەڕاستی پێویستیان بەوەیە لەگەڵ کۆمەڵگەدا تێکەڵبن.

ش. ئـ

Comments are closed.