ڕێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی باکووری کوردستان و تورکیا ئاشکرا کرا

ناوەندی هەواڵەکان

ئەحمەد یەنەر سەرۆکی YSK ڕایدەگەیەنێت ڕێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی باکووری کوردستان و تورکیا ٧٨،١١٪ـە و ئەنجامە نافەرمییەکانیشی ئاشکرا کرد.

دوێنێ لە باکووری کوردستان و تورکیا ملیۆنان دەنگدەر بە مەبەستی هەڵبژاردنی بەڕێوەبەرانی هەرێمەکانیان چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان، ئەمڕۆش سەرۆکی باڵای دەستەی هەڵبژاردنەکان ئەحمەد یەنەر سەرۆکی YSK سەبارەت بە هەڵبژاردنی حکومەتی خۆجێی ٣١ـی ئازار لێدوانێکی دا.

یەنەر ڕایگەیاند، بەپێی ئەنجامە بەراییەکان، ڕێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا لە شارە گەورەکاندا ٧٨،١١٪ بووە، هەروەها ٣٤ لایەنی سیاسیی بەشداریان کردووە، لەسەر ٢٠٧ هەزار و ٨٤٨ بنکەی دەنگدان بە گشتیی ٦١ ملیۆن و ٤٤١ هەزار و ٨٨٢ دەنگدەر تۆمارکراون و بەشداری هەڵبژاردنیان کردوە، تا ئێستاش ٩٩.٩٪ سندووقی دەنگدان لە شارە گەورەکان کراوەتەوە.

لە درێژەی قسەکانیدا یەنەر ئەوەشی ڕاگەیاند، لە هەڵبژاردنی شارە گەورەکاندا لە کۆی ٣٠ شار، جەهەپە ١٤، ئاکەپە ١٢، دەم پارتی ٣ و یەرپەش یەک شاریان بەدەست هێناوە، هەروەها لە هەڵبژاردنی شارەوانی شارەکاندا لە کۆی ٤٤ شارەوانی، جەهەپە ١٨، ئاکەپە ٩، مەهەپە ٨، دەم پارتی ٦، بەبەپە ١، پارتی ئیی ١ و یەرەپە ١یان بەدەست هێناوە.

یەنەر ڕوونیشیکردەوە، لە کۆی ٨٧٨ شارەوانی شارۆچکە، ئاکەپە ٣٢٤، جەهەپە ٣٢٢، مەهەپە ١١٠، دەم پارتی ٥٤، یەرەپە ٣٧، پارتی ئیی ٢٣، بەبەپە ١٢، کاندیدی سەربەخۆ ٩، دەپە ٢، دەئەپە ١، پارتی چەپی دیموکرات ١، پارتی سەعادەت ١، پارتی چەپ ١ و TİP ١ یان بەدەست هێناوە.

جگە لە چەند ڕووداوێکی دڵتەزێن، هەڵبژاردنەکان بەبێ هیچ کێشەیەک کۆتایی هات، دوای دەرچوونی ئەنجامی کۆتایی، ئەو بەڵگەنامانەی کە واژۆیان لەسەرە، لە ماڵپەڕەکەماندا بۆ هاوڵاتییان بڵاو دەکەینەوە.

ب. ق

Comments are closed.