کۆمسیۆن: ناوی هیچ لیست و قەوارە و هاوپەیمانییەكی دیکە وەرناگرین

ناوەندی هەواڵەکان

وتەبێژی کۆمسیۆنى باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانى عێراق ڕایدەگەیەنێت ڕێ و شوێنەکان بۆ تۆمار کردنى لیست و قەوارەکان کۆتاییان هاتووە و دەشڵێت: ناوی هیچ لیست و قەوارە و هاوپەیمانییەكی دیکە وەرناگرین.

جومانە غەلای سەبارەت بە درێژکردنەوەى تۆمار کردنى لیست و قەوارەکان و وەرگرتنى ناوی کاندیدەکان لەلایەن لایەنێکی سیاسی هەرێمەوە بۆ میدیا ناوخۆییەکان قسەى کرد.

جومانە غەلای ڕایگەیاند، پڕۆسەی تۆماركردنی ناوی كاندیدی سەربەخۆ و لیست و هاوپەیمانێتییەكان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمى كوردستان كۆتایی هات و جارێکی دیکە درێژ ناکرێتەوە لەسەر داوای هیچ لایەنێک.

وتیشی: ناوی هیچ لیست و قەوارە و هاوپەیمانییەكی دیکە وەرناگرین.

سەبارەت بە ئەگەری ڕێگریکردن لە دانانی سندوق و کردنەوەى ناوەندەکانى دەنگدان لەلایەن لایەنێکی سیاسییەوە لە هەولێر و دهۆک، جوومانە جەختیکردەوە هیچ لایەنێک ناتوانێت ڕێگری بکات و دژ بە یاسا بووەستێتەوە.

وتەبێژی کۆمسیۆن سەبارەت بە کۆبوونەوەی سەرۆک وەزیرانى عێراق و سەرۆکی دادگای فیدراڵیش ڕوونیکردەوە تا ئێستا هیچ داوایەک لەلایەن دادگای فیداراڵییەوە بەدەستیان نەگەیشتووە.

بڕیارە ڕۆژی ١٠ـی حوزەیرانی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان بەڕێوە بچێت و پرۆسەکەش لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەكانی عێراقەوە سەرپەرشتى دەکرێت و شەوى ڕابردووش كۆتا وادەی تۆماركردنی ناوی لیست و كاندیدەكان بوو، بەڵام پەدەکە ئەو هەڵبژاردنەى بایکۆت کردوە و هەوڵی دواخستنى هەڵبژاردن دەدات.

هـ.ح

Comments are closed.