هاوسەرۆکی دەم پارتی: ئەو شارەوانیانەی بەدەستمان هێناون، دەیانەوێت زەوتی بکەن

ناوەندی هەواڵەکان

تونجەر باقرخان هاوسەرۆکی دەم پارتی دەڵێت، لەناوجەرگەی دادپەروەری، عیرفان و کولتور لە بەدلیس سەرکەوتنی گەورەمان بەدەستهێنا، فێڵ و ساختەکاری دەنگدەری نایاسایی و پوچەڵکردنەوە دەنگەکانمان، کودەتایەکە لە دژی ئیرادەی گەل، ئێمە ئەو کودەتایە ڕەتدەکەینەوە.

تونجەر باقرخان هاوسەرۆکی دەم پارتی لە ڕێگەی هەژمارەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان پەیامێکی ئاڕاستەی خەڵکی شڕنەخ، بەدلیس و قەرس کرد.

تونجەر باقرخان دەڵێت: ئەو شارەوانیانەی کە ئێمە لە ڕێگەی ڕەنج و تێکۆشانەوە بەدەستمان هێناون، دەیانەوێت لە ڕێگەی دەنگدەرانی قاچاخ و نایاساییەوە زەوتی بکەن، خەڵکی شڕنەخ کە ڕووی سپی تێکۆشانی ئێمەن، چی دەبێت با ببێت ئێمە هەموو کات شانازیتان پێوەدەکەین.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی کە لە شڕنەخ لە بەرامبەر ٦٥٤١ دەنگدەری نایاساییدا لە هەڵبژاردندا سەرکەوت شاری شڕنەخە، خەڵکی شڕنەخ خاوەنداری لە ئیرادەی خۆی کرد، با کەس بە درۆ فەرمییەکان نەخەڵەتێت.

تونجەر باقرخان وتیشی: لەناوجەرگەی دادپەروەری، عیرفان و کولتور لە بەدلیس سەرکەوتنی گەورەمان بەدەستهێنا، فێڵ و ساختەکاری دەنگدەری نایاسایی و پوچەڵکردنەوە دەنگەکانمان، کودەتایەکە لە دژی ئیرادەی گەل، ئێمە ئەو کودەتایە ڕەتدەکەینەوە، تانە یاساییەکانمان بەردەوام دەبن و ئێمە هەرگیز بەدلیس بۆ تاڵانکاری ئیرادە جێناهێڵین.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەوانەی پێیان وایە لە ڕێگەی ٣ هەزار و ٨٤٢ دەنگدەری هاوردە و گواستراوەوە سەرکەوتوون، لە دڵی گەلانی قەرسدا شەرمەزارکراون و شکستیان هێناوە، ئەگەر دەنگی ئەو دەنگدەرانەی خەڵکی قەرس نەبوون بخەینە لایەکەوە، ئەو کاتە دەردەکەوێت ئێمە بە ١٣٨٦ دەنگ بردوومانەتەوە، ئەنجامەکە چی دەبێت با ببێت، قەرس بۆ ئێمەیە، کەس ناتوانێت شکست بە سەر ئێمەدا بسەپێنێت، تێکۆشانی یاسایی و سیاسی ئێمە بە هەموو جۆرێک بەردەوام دەبێت.

هاوسەرۆکی دەم پارتی بانگەواز بۆ ڕای گشتیی دیموکراتیک و ئۆپۆزسیۆن ئەوەیە کە لە بەرامبەر دەنگدەرانی ساختە و قاچاخ خاوەنداری لە ئیرادەی گەل بکەن.

لە کۆتاییشدا تونجەر باقرخان دەڵێت:بە ڕوونی و ڕاشکاوی دەڵێین، بە تایبەتی لە شڕنەخ، بەدلیس و قەرس سەرجەم ئەو بەڕێوەبەریانەی لە دەیان شار بە دەنگدەری قاچاخ بەدەستیان هێناون، ڕەوا نین، ئێمە داوا لە هەموولایەک دەکەین لە رێز لە ئیرادەی گەل بگرن.

هـ.ح

Comments are closed.