نووسەرێک: ئەگەر پشتیوانی قەندیل نەبێت کورد زیاتر کۆمەڵکوژ دەکرێت

گەرمیان

داگیرکەران لەسەروو هەموویانەوە دەوڵەتى داگیرکەری تورک لە سیاسەتى کۆمەڵکوژی و قڕکردنى گەلی کورد و خاکەکەی بەردەوامە، ئەم قڕکردنەش هەموو ئاست و بوارەکانى پەیوەست بە کوردی گرتووەتەوە، نووسەرێکیش دەڵێت: قەندیل پشت و پەنای کوردانە و نابێت پێش دووژمن بکەوین بۆ کۆمەڵکوژییەکی تری وەک ئەنفال و شنگال.

دەوڵەتانى داگیرکەر بە هەموو ڕێ و ڕێبازێک کورد کۆمەڵکوژ دەکەن، هەر لە گەلەکەیەوە تا خاک و ژینگە و ئاوهەواکەی، تەنیا بۆ ئەوەى کورد بسڕنەوە ئاسەواری نەهڵێن، دەوڵەتى داگیرکەری تورک لە پێش هەموویانەوە هەموو ئامرازێک بەکاردەهێنێت تەنیا بۆ ئەوەى کورد نەمێنێت، بەڵام گەلی کورد لە شەقامەکان و ڕێبەر ئۆجالان لە زیندان و گەریلاکانى ئازادیی لە چیاکان و شەڕڤانان لە پێدەشتەکاندا تا ئێستا ئەو خەونەى داگیرکەرانیان لە گۆڕناوە و ئیرادەى کورد سەرکەوتووە.

لەوبارەیەوە دلێر کەریم، نووسەر و چالاکوانی ئەنفال لەبارەى بەردەوامى سیاسەتى کۆمەڵکوژیی و هەوڵەکان بۆ لەناوبردنى گەلی کورد لەلایەن داگیرکەرانەوە بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

“پەرتەوازەیی و خیانەت هۆکارێکی تر بووە بۆ کۆمەڵکوژ کردنی گەلی کورد”

دلێر کەریم وتی: بە درێژایی مێژوو کورد کۆمەڵکوژ کراوە و وەک مەترسییەک بۆسەر داگیرکەران حساب کراوە، لەگەڵ ئەمەشدا پەرتەوازەیی و خیانەت هۆکارێکی تر بووە بۆ کۆمەڵکوژکردنی، لە سەد ساڵی ڕابردووشدا دوای درووستبوونی دەوڵەت نەتەوە، ئیمپریالیزم و داگیرکەران بەردەوام  کوردیان جینۆساید کردووە.

ئاماژەی بەوەکرد: هەموو شێوازەکانی جینۆساید بەرانبەر کورد پیادە کراوە، وەک  کوشتنی ڕاستەوخۆ، کیمیا بارانکردن، جینۆسایدی ئابوریی، ڕاگواستن و زیندەبەچاڵکردن کە لە هەموو پارچەکانی کوردستان ئەنجامدراوە بەرانبەر بە کورد، دەوڵەتی تورکیا و داگیرکەرەکانی تریش هەموو سازشێکیان بۆ وڵاتانی ئیمپریالیست کردووە بۆ ئەوەی بتوانن زیاتر کورد بچەوسێننەوە، بەڵام کورد هەر بێدەنگ نەبووە لە مافەکانی و بە زیندووی ماوەتەوە.

“ئەگەر چاوساغی نەبێت، درۆنی تورک ناتوانێ کورد کۆمەڵکوژ بکات”

دلێر کەریم باسی لەوەشکرد، دوای ئەنفال، کیمیا بارانکردنی هەڵەبجە و ئەنفالی ئێزدییەکان ئێستاش هیچ گرنتییەک نییە بە درۆن کۆمەڵکوژ نەکرێین، ڕۆژانە هەرکوردێکی ئازادیخواز پێی نەخستبێتە سەنگەری دوژمنەوە تیرۆر دەکرێت، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ خیانەتکردن لە خۆمان و هاوکاریکردنی دووژمن، ئەگەر چاوساغی نەبێت درۆنی تورک ناتوانێ لە باشوور و ڕۆژئاوا کورد کۆمەڵکوژ بکات.

“کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێدەنگی هەڵبژاردووە لە بەرانبەر کۆمەڵکوژی کوردان”

لە بارەی داگیرکاریی و کۆمەڵکوژییەکانی دەوڵەتی تورکەوە ئەو نووسەر ئاماژەی بەوەشکرد، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێدەنگی هەڵبژاردووە لە بەرانبەر کۆمەڵکوژی کوردان، ئێستا تورکیا بە شیوەیەکی سیستماتیک لە ڕۆژئاوا و باشوور داگیرکاریی و کۆمەڵکوژی ئەنجامدەدات، چونکە تورک لە کورد دەترسێت لەبەر ئەوەی کورد خاوەن زمان و کەلتووری خۆیەتی، بۆیە جگە لە جینۆسایدی جەستەیی جینۆسایدی کەلتووریش ئەنجامدەدات.

” قەندیل هەیە  و بووەتە قەڵا و پشت و پەنای کوردان”

لە کۆتایشدا دلێر کەریم وتی: بە درێژایی مێژوو کورد هەر بەڵێنێکی پێدرابێت ترس بووە لە چیاکان، ئەو حسابەیش کە ئێستا بۆ کورد دەکرێت، بەهۆی ئەو هێزە ئازادیخوازەیە کە لە قەندیل هەیە  و بووەتە قەڵا و پشت و پەنای کوردان، بۆیە هیوادارم کوردان شەڕی یەکتر نەکەن و نەکەونە پێش هێزی دووژمن، وەک ئەوەی لە کۆمەڵکوژییەکانی تری وەک شەنگال، ئەنفال و هەکاری کردمان.

هـ.ح

Comments are closed.