“پڕۆژەی هەژماری من دانراوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی سەرمایە و داهاتی هاوڵاتییان”

سلێمانی

نزیکەى حەوت مانگە تەنیا یەک مووچە لە هەرێمدا دابەش کراوە و ئێستا وا دووەم مووچە دابەش دەکرێت و تەواو نەبووە، ئەوەش ژیان و گوزەرانى مووچەخۆران و هاوڵاتییانى ڕووبەڕووی دۆخێکی سەخت کردووەتەوە، تۆڕی ڕێکخراوەکانی شاری سلێمانیش دەڵێن: ئەم پڕۆژەیە دانراوە بۆ کۆنترۆڵکردنی سەرمایە و داهاتی خەڵکی.

پڕۆژەى “هەژماری من” کە پڕۆژەیەکى کەسی مەسرور بارزانییە و ئەگەر سەر بگرێت، ئەوا مانگانە ملیاران دینار قازانج دەکات و پارەکەى دەچێتە گیرفانى خۆی و بنەماڵەکەیەوە، بۆیە ئەو پرۆژەیە لەلایەن دادگای فیدراڵی و وەزارەتى دارایی عێراق و زۆرینەى مووچەخۆرانى هەرێم ڕەتکراوەیە و قبوڵیان نییە، چونکە پێیانوایە پڕۆژەکە بۆ بەرژەوەندی کەسێکە و دووەمیشیان ئەو بانکانەى بەشداریان کردووە ئەهلین و ترسی ئیفلاسبوونیان هەیە.

سەبارەت بە پڕۆژەی هەژماری من، بەشێک لە ئەندامانى تۆڕی ڕێکخراوەکانى شاری سلێمانی بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.

 ئومێد محەمەد ساڵح
ئومێد محەمەد ساڵح

ئومێد محەمەد ساڵح، ڕۆژنامەنووس و ئەندامی تۆڕی ڕێکخراوەکانی سلێمانی وتی: هەژماری من لە بەرژەوەندی چەند کەس و بنەماڵەیەک و حزبێکدایە، بە هیچ شێوەیەک لە بەرژەوەندی هاوڵاتییان نییە، ئەم پڕۆژەیە دانراوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی سەرمایە و داهاتی خەڵکی و ئەو پارەیەی، کە لە گیرفانیاندایە، بۆیە وەک تۆڕی ڕێکخراوەکان ئەم پڕۆژەیە ڕەتیدەکەینەوە، چونکە ئەمانە هیچ متمانەیەکیان نەماوە و ڕاستگۆنین، خەڵکێکی بازرگانن بازرگانێکی بە ئەخلاق نا بەڵکوو بازرگانێکی بێ ویژدانن.

لە بارەی ئەو بانکانەی، کە بەشدارن لە پڕۆژەی هەژماری مندا، ئاماژەی بەوە کرد، ئەو بانکانەی بەشدارن لە پڕۆژەی هەژماری مندا، تێیاندایە بانکی ئەهلین (تایبەتین) و بانکی کەسین، لە ئەگەری مایەپووچ بوونی ئەو بانکانەدا، گرنتی بۆ هاوڵاتییان چییە تا پارەکانیان نەفەوتێت.

و ئەندامەکەی تۆڕی ڕێکخراوەکانی سلێمانی دەشڵێت: تا پێمان بکرێت و تا گڕوتینمان تیابێت دژی ئەم هەژەمارەی بنەماڵەیە دەوەستینەوە، ئەمەش کە ناویان ناوە هەژماری من، واتە هەژماری ئەوان، هەژماری ئەو بنەماڵەیە پەیوەندی بە خەڵکییەوە نییە، ئاگاداربن و تا دەتوانن دژی بوەستنەوە و ڕەتیبکەنەوە، ڕەتکردنەوەی ئەم پڕۆژەیە لە قازانجی خەڵکی کوردستاندایە.

بێستوون کەمال
بێستوون کەمال

لەسەر هەمان بابەت، بێستوون کەمال، ئەندامی تۆڕی ڕێکخراوەکان وتی: لە هەرێمی کوردستاندا ئەم دەسەڵاتە وەها بووە، کە هەرچییەکی کردبێت دوای چەند مانگێک، هەڵوەشاوەتەوە یاخود کێشەی تێدا درووست بووە، خەڵک متمانەی نەماوە بە حکومەتی ماوە بەسەرچووی هەرێمی کوردستان، کە هەنگاو بنێت بۆ ئەوەی داخوازیەکانی مووچە خۆران و خەڵکی هەژاری ئەم کوردستانە بهێنێت دی و دابینیان بکات، کە ئەمەش بۆتە هۆکاری ئەوەی خەڵکی متمانەی بەم دەسەڵاتە نەمێنێت.

بێستوون کەمال ئاماژەی بەوەش کرد، حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم بەردەوامە لە یاریی کردن بە قوتی مووچەخۆران و “دەڵێن دەبێت دابەشکردنی مووچە لەڕێگەی “هەژماری من”ەوە بێت”، بۆ ئەو مەبەستەش لە مانگی ڕابردووەوە هەوڵدەدات بە فشار درووست کردن فەرمانبەران بەشداریی لە پڕۆژەکەدا بکەن.

ئارام هادی
ئارام هادی

هاوکات ئارام هادی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ڕێکخراوەکانی سلێمانی، ئاماژەی بەوە کرد، پڕۆژەی هەژماری من لە ئەنجامی ئەوەوە هاتووە، کە لە کابینەکانی دیکەدا بە ناوی جیاجیاوە بە بەردەوامی سزای مووچەخۆرانی خۆی داوە، پاشەکەوتی مووچە هەبوو، لێ بڕینی مووچە هەبووە.

ئارام هادی وتیشی: بەم دۆخەوە لام سەیرە حکومەت داوا لە خەڵکی دەکات، کە بڕوا بە هەژماری من بکەن، لە کاتێکدا هاوڵاتییان بڕوایان بە کابینەکەت نەماوە، چۆن داوایان لێدەکەیت و پێیان دەڵێیت سیستەمی هەژماری من باشترە و ناوی خۆت تۆمار بکە، بەڵام بەداخەوە ئەنجامی سیاسەتی شکستخواردووی کابینەی ٩ و کابینەکانی ڕابردوو وایکردووە، کە ئێمە ئەمڕۆ بڵێین لەگەل ئەوەداین مووچەی مووچەخۆرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بانکە فیدڕاڵیەکانەوە مووچە وەرگرن و هەژماری من ڕەتبکەنەوە.

سەرباری ئەوەی دادگای فیدڕاڵی بڕیاری داوە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەڕێگەی هەژماری بانکی لە بانکەکانی سەر بە حکومەتی فیدڕاڵییەوە دابەشبکرێت، بەڵام حکومەتی ماوە بەسەرچووی هەرێم بڕیارەکە پێشێل دەکات و بە فشار فەرمانبەران ناچار دەکات بەشداریی لە پڕۆژەی “هەژماری من”دا بکەن.

هـ.ح

Comments are closed.