شارەزاییەکی دارایی: ناڕوونی و ناشەفافیەت لە سەرچاوەکانی داهاتی هەرێم هەیە

سلێمانی

داهاتی نەوت و ناوخۆی هەرێمی کوردستان بەهۆی ناڕوونی و شاردنەوەی زانیارییەکان سەبارەت بە دوو داهاتە بووەتە هۆی ناکۆکییەکی سەرەکی لەنێوان هەرێم و بەغدا و لەناو هەرێمیش کوردستانیش متمانە بە ژمارەکانى حکومەت ناکرێت، شارەزاییەکی ئابووری و داراییش دەڵێت: کۆکردنەوەی داهاتی ناوخۆی نا نەوتی هەرێم کاتێک کۆدەکرێتەوە ژمارە و شەفافیەت و ڕوونی تێدا نییە.

بەپێی ئامارێک کە وەزیری دارایی هەرێم بڵاویکردەوە، داهاتی ناوخۆی هەرێم ٣٥٠ ملیار دینارە و داهاتی نەوتیش لەسنووری ٣٠٠ ملیۆن دۆلارە، بەڵام ئەم ژمارانە تائێستا بۆ هیچ لایەنێک و دامەزراوەیەکى چاودێری ڕوون و باوەڕپێکراو نین، بەوپێیەى پەرلەمان کە ئەرکی چاودێریکردنە پەکی کەوتووە و لەکاردا نییە، دیوانى چاودێری دارایش لەهەرێم چالاک نییە، بۆیە کەس نازانێت داهاتى ڕاستەقینەى ناوخۆ چەندە و چی لێدەکرێت و چۆن سەرف دەکرێت.

بیلال ڕەئوف و شارەزایی ئابووری و دارایی و خوێندکاری دکتۆرا لە زانستی ئابووری/دارایی گشتیی، لەبارەى مووچە و سەرچاوەکانى داهاتەوە بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

بیلال ڕەئوف دەڵێت: ئێمە دەزانین لە هەرێمی کوردستاندا دوو جۆر سەرچاوەی داهاتمان هەیە، داهاتی نەوتی و ناوخۆیی، داهاتی نەوتی ئەوە بابەتەکەی ڕوون و ئاشکرایە، کە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ئێستادا ڕاوەستاوە، بەڵام داهاتی ناوخۆی هەرێـم ئەوەندە نییە کە بتوانرێت مووچەی مووچەخۆرانی پێ دابەش بکرێت، بەڵکوو حکومەتی هەرێم دەتوانرێت چەند مانگێک مووچەی پێ دابین بکات.

وتیشی: ئەگەر حکوومەتی هەرێم نیەتی ئاوا بێت ئەگەر هاتوو بەغداد شایستە دارییەکانی هەرێمی کوردستان دابین نەکات و مووچەی بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەنارد، ئەوا هەرێمی کوردستان دووبارە پەنا دەباتە بەر هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم، هەتا نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە نەکات و نەیفرۆشێت بە هەر ڕێگەیەک بێت ناتوانێت و ناشیەوێت موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابەشبکات.

بیلال ڕەئوف، ئاماژەى بەوەشکرد، لە سنووری سلێمانیدا بانکی ناوەندی هەرێم هەیە و لە سنووری هەولێر و دهۆکیش بانکە بازرگانیەکانان هەیە، کە بەرپرسن لە کۆکردنەوەی داهاتی ناوخۆی نا نەوتی هەرێم، ئەم داهاتەش کاتێک کۆدەکرێتەوە ژمارە و شەفافیەت و ڕوونی تێدا نیە، تا ئێمە بە پێی ئەو ژمارانە بڕیار بدەین چی بەسەر ئەو داهاتانەدا دێت.

ئەو شارەزایەی بواری دارایی و بانک ڕوونیدەکاتەوە، بە گشتیی جۆرێک لە نا شەفافیەت هەیە لە کۆکردنەوەی سەچاوەکانی داهات، چونکە هەرێمی کوردستان زیاتر لە ٤٠٠٠ هەزار سەرچاوە یاخود ڕێکاری هەیە، کە داهاتی ناوخۆیی نا نەوتی لێ کۆدەکاتەوە، واتا ٤٠٠٠ هەزار ڕێنمایی و یاسا هەیە، کە سەرچاوەن بۆ داهاتی هەرێمی کوردستان.

هەروەها بیلال ڕەئوف وتیشی: هیچکام لەو سەرچاوانە بە ڕوونی دیار نییە، کە ئەوانە چەندیان، باج، کرێ، گومرگ، کارەبا، ئاو داهاتیان چەندە ‌هتد، بەو هۆکارەش قورسە بتوانین ئێمە بڕیارێک بدەین، کە ئەو پارە و داهاتانە چیان لێدێت، بەڵام پێوێستە حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوە بدات لەسەر ئەو ناڕوونی و نا شەفافیەتانە.

ئەگەر ئامارەکەکەى وەزیری دارایی هەرێم لەبەرچاو بگیرێت، ئەوا داهاتی سێ مانگی ناوخۆ ملیارێک و ٥٠ ملیۆن دینارە و داهاتی نەوتیش ٩٠٠ ملیار دۆلار کەمێک کەمتر یان زیاترە، بەوەش دەتوانرێت کێشەی مووچەى هەرێم چارەسەر بکرێت، ئەوە جگە لەو پارانەى کە لەبەغداوە دێت و هاوپەیمانانیش دەیدەن بە پێشمەرگە.

هـ.ح

Comments are closed.