هەڵەبجە.. لە ڕۆژی جیهانیی ئۆتیزمدا چالاکییەک ئەنجامدرا

هەڵەبجە

لە ڕۆژی جیهانیی ئۆتیزمدا، لە هەڵەبجە چالاکییەک ڕێکخرا و کەسوکاری منداڵانی ئۆتیزم بە کۆمەڵگەکەیان دەڵێن: منداڵەکانی ئێمە تەنھا پێویستیان بە سیستمێکی پەروەردەی تایبەت هەیە.

ئەمڕۆ لە شاری هەڵەبجە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی- سەنتەری ئۆتیزمی ھەڵەبجە، ڕۆژی جیهانیی ئۆتیزم یاد کرایەوە، کە لەو شارەدا ٣٥ منداڵی ئۆتیزم لە سەنتەرەکەدا تۆمارکراون و بەردەوام لەژێر دەستی سەرپەرشتیار و مامۆستایانی تایبەتدا ڕاهێنانیان پێ دەکرێت.

لە چالاکییەکەدا دایک و باوکانی منداڵانی ئۆتیزم ئامادە بوون و تێیدا داواکارییەکانیان خستەڕوو.

ئاوارە نەورۆز
ئاوارە نەورۆز

ئاوارە نەورۆز بەرپرسی سەنتەری ئۆتیزمی ھەڵەبجە بە ڕۆژنیوزی وت: لە ڕۆژی ٢٥ـی مانگی ڕابردوەوە لە تەواوی دامەزراوەکانی هەڵەبجەدا  دەستمان کردووە بە ئەنجامدانی ھەڵمەتێکی بڵاوکردنەوەی هوشیاریی، بە ئامانجی ئاشناکردنی خەڵک و ھاوڵاتیانە، بەپیشاندانی کێشەکانی دایک و باوکانی خاوەن منداڵانی ئۆتیزم.

وتیشی: ئەمڕۆ ڕۆژی جیھانیی ئۆتیزمان بەرز ڕارگرت، ھەموو ئەو منداڵانەی ھاتونەتە لامان حاڵیان زۆر باش نەبوو، بەڵام بە پێدانی ڕاهێنان و وتنەوەی وانەی وانەی تایبەت، لە ماوەی ساڵێکدا دۆخیان زۆر گۆڕانکاری بەسەردا ھاتووە، لەم ڕۆژەدا بە ڤیدۆی فیدباک دەرئەنجامی ڕاهێنانەکانمان نیشانی کەسوکاری منداڵەکان دا.

عەباس محەمەد
عەباس محەمەد

عەباس محەمەد باوکی منداڵێکی ئۆتیزمە باسی لەوە کرد، ئەو سەنتەرە هاوکارییەکی باشە بۆیان، ئەو منداڵانەشی، کە دیاردەی یان نەخۆشی ئۆتیزمیان هەیە، جیاوازییەکی ئەوتۆیان نییە لەگەڵ منداڵانی دیکە تەنها پێویستیان بە پەروەردە و فێرکردنێکی تایبەت هەیە و پێویستە ڕێزیان لێ بگیرێت و چاودێری پێویستیان پێشکەش بکرێت.

ش.ئـ

Comments are closed.