ئەردۆغان دوای دۆڕاندنی لە هەڵبژاردنەكان هەڕەشەی داگیرکاری لە عێراق دەكات

بەغدا/ وسام زەهرونی

پارتەكەی ئەردۆغان لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیادا تووشی دۆڕانێكی گەورە بوو و زۆربەی پارێزگاكانی لەدەستدا، دیارترینیان پارێزگاکانی ئەستەنبوڵ، ئەنقەرە و ئالانیا و ئزمیر، هەروەها قەڵا بەهێزەكەی، پارێزگای ترابزۆنی باكووری توركیا بوو، كە ئۆپۆزسیۆن تیایدا سەركەوتن بەدەستهێنا.

دواجار ئۆپۆزسیۆن و گەلی توركیا لەژێر كاریگەرییە دەسەڵاتەكانی ئەردۆغان ڕزگاریان بوو، بەتایبەتی پارێزگاكانی باكووری كوردستان، توانیان بۆ یەكەمجار سەرۆك شارەوانی كورد دەستنیشان بكەن و پلانەكەی ئەردۆغان پووچەڵ بكەنەوە، دوای ئەوە ئەردۆغان هەڕەشەی خۆی بۆ هێرشە سەربازییەكانی لە عێراق و سووریا نوێ كردەوە.

چاودێرانی سیاسی عێراق سەبارەت بە دوایین هەڕەشەی ئەردۆغان بۆ سەر هەرێمی كوردستان و عێراق، وەك كاردانەوەیەك دوای دۆڕانی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكاندا بۆ ئاژانسی ڕۆژنیوز دەدوێن.

عائد هیلالی
عائد هیلالی

عائد هیلالی سەركردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی ڕایگەیاند، هەڕەشەكانی ئەردۆغان بەرامبەر عێراق یەكسانە بە ڕاگەیاندنی شەڕ، دەیەوێت بەمە زیانە گەورەكانی هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیا پەردەپۆش بكات.

ئاماژەی بەوەشكرد، عێراق بەكارهێنانی زمانی هەڕەشە و تۆقاندن ڕەتدەكاتەوە، عێراق سەروەری خۆی هەیە و هەر دەستدرێژییەكی دەرەكیش ڕەتدەكاتەوە، توانای وەڵامدانەوەی هەر دەستدرێژییەكی هەیە، بەڵام نایەوێت هیچ گرژییەك لە ناوچەكەدا هەبێت، كار بۆ ئەوە دەكات هەموو ناكۆكییەكان بە ڕێكارە دیپلۆماسییەكان چارەسەر بكات، ئەمەش لاوازی نییە، بەڵكو لەبەرئەوەیە حیكمەتێكی گەورەی تێدایە.

ڕوونی كردەوە، هەر هێرشێكی سەربازی توركیا لە ناو خاكی عێراقدا گرژییەكانی ناوچەكە و هەرێمی كوردستان  زیاتر دەكات، عێراقیش هەنگاوی كردەیی دەنێت بۆ ڕاگرتنی ئەم دەستدرێژییە، چونكە هیچ پاساوێك بۆ دەستپێكردنی شەڕ لە سەر عێراق نییە.

ئەم دۆڕنە گەورەیە بۆ ئەردۆغان و پارتەكەی بە مێژوویی دادەنرێت، چونكە ماوەی ٢٢ ساڵە زۆربەی پارێزگاكانی كۆنترۆڵكردووە، بۆ یەكەمجاریش دوای پارتی كۆماریخوازی گەل بە سەرۆكایەتی ئۆزگور ئۆزێل بۆ پلەی دووەم دابەزیووە.

دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەكان ئەردۆغان لە یەكەم وتاردا دانی بە دۆڕاندنەكەیدا نا، لە هەمان كاتدا وتیشی، هێرشەكانیان لە دژی پارتە كوردییەكان بەردەوام دەبێت.

ئەحمەد شەریفی
ئەحمەد شەریفی

ئەحمەد شەریفی شرۆڤەكاری سیاسی بە ڕۆژنیوزی ڕایگەیاند،  ئەردۆغان سەرۆكی توركیا دەیەوێت بەم هەڕەشانە شكستی خۆی لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی توركیادا پەردەپۆش بكات، دەیەوێت ڕای گشتیی توركیا بەم بابەتە سەرقاڵ بكات، چونكە ئەم دۆڕانە كاریگەری لەسەر هەڵبژاردنەكانی داهاتووی سەرۆكایەتی دەبێت.

ئەوەشی خستەڕوو، عێراق بە فەرمی وەڵامی ئەو جۆرە هەڕەشانە ناداتەوە، گرنگی زیاتریان پێنادات، عێراق مامەڵە بە لێدوانی میدیایی ناكات، بەڵكو بە هەڵوێستی فەرمی كار دەكات، هەر هەنگاوێك بۆ جێبەجێكردنی ئەو هەڕەشانە، وا لە عێراق  دەكات دەست بە جووڵە بكات بۆ وەستاندنی ئەو هێرشانە لە ڕێگەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، هەروەها وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا.

ئەو شرۆڤەكارە دەشڵێت: سەرۆكی توركیا هەمیشە بۆ هەناردەكردنی قەیرانە سیاسییەكانی بۆ دەرەوەی وڵات كاردەكات، بە ئامانجی سەرقاڵكردنی ڕای گشتیی توركیا،  پێمانوایە شەقامی توركیا بە باشی ئاگاداری ئەوەن، كە هێز و جەماوەری ئەردۆغان بە هەڕەشەكان ناگەڕێتەوە، بەپێی هەموو ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەكان پشتگیرییەكانی ئەردۆغان بە شێوەیەكی بەرچاو دابەزیوە.

توركیا بە هاوكاری پەدەكە بەردەوامە لە بۆردوومانكردنی خاكی عێراق و هەرێمی كوردستان و كردنە ئامانجی گوندەكان و هاوڵاتی مەدەنی، بەڵام هێشتا ئەم بابەتە لەسەر مێزی دانوستانی نێوان بەغدا و ئەنقەرە باس نەكراوە و هیچ سنوورێكی بۆ دانەنراوە ئەو.

هـ.ئ

Comments are closed.