دەم پارتی: کودەتای سیاسیی بەردەوامە

ناوەندی هەواڵەکان

دەم پارتی، سەبارەت بە نەدانی پۆستی کاندیدی هاوسەرۆکی شارەوانی عەبدوڵا زێدان ڕایگەیاند، کودەتای سیاسیی بەردەوامە و ئێمە تانەمان لە بڕیارەکە داوە.

پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان-دەم پارتی، لەبارەی پیلانگێڕییەکی نوێی دەوڵەتی تورک، کە ڕێگریی دەکات لە عەبدوڵا زێدان، کاندیدی سەرکەوتووی دەم پارتی بۆ پۆستی گەورە شارەوانی وان، ڕاگەیاندراویکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەی دەم پارتیدا هاتووە، بڕیارەکەی دەستەی هەڵبژاردنی شاری وان ڕەتدەکەینەوە، ئەم بڕیارە دەستێوەردانی حکومەت و درێژەدان بە پرۆسەی کودەتای سیاسییە، بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی دەستەی هەڵبژاردنی شاری وان دراوە کە بڕیارێکی نایاساییە و بڕیارێکی دەرەوەی دادگایە، ناڕەوایە و هەستنەکردنە بە ئیرادەی گەل.

باسیان لەوەشکردووە، پارێزەرانمان تانەیان لەو بڕیارە داوە، ئێمە داوا لە دەستەی باڵای هەڵبژاردن دەکەین کە کۆتایی بەم کارە نایاساییە بهێنێت و دان بە ئیرادەی گەلەکەماندا بنێت، پارتەکەمان، ئەندامەکانمان و گەلەکەمان لەسەر پێن، تا ئەم بێ یاساییە کۆتایی پێدێت بەردەوام دەبن لە کاردانەوە دیموکراسییەکانیان.

ئەمە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ، دەستەی هەڵبژاردنی شاری وان، بڕیاریدا پۆستی شارەوانی گەورە شاری وان، لە عەبدوڵا زێدان، کاندیدی سەرکەوتووی دەم پارتی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ٣١ـی مانگی ڕابردوو وەربگرێتەوە و لە جێی ئەو عەبدوڵا ئارڤاس، کاندیدی شکستخواردووی ئاکەپە دانا.

ب. ق

Comments are closed.