ئەحمەد شەماڵ.. دەنگێک لە قوڵایی ئازارەکانى ژیانەوە

سلێمانی

ئاواز و گۆرانییەکانى لە قوڵایی هەستێکی خەمناک و هەژارانە دەهاتنە دەرەوە، کاتێک پڕ بە گەرووی مەقامی دەوت خەمێک لەگەڵ هەناسەى دەردەچوو تەنیا هەژارەکان هەستیان پێدەکرد، ئەو هونەرمەندە ئەحمەد شەماڵە کە دەنگ و گەرووی خۆیدا بە هەژاران، هەژارانیش خۆشەویستى  و نەمرییان پێبەخشی.

ئەمڕۆ ٢٧ ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر کۆچی دوایی هونەرمەندی میللی و دەنگ خۆش ئەحمەد شەماڵ، کە لە ٣ـی نیسانی ساڵی ١٩٩٧ کۆچی دوایی کردووە و ئاوازەکانى بۆ هەمیشە لە گوێچکەدا دەزرنگێتەوە.

ئەحمەد شەماڵ کە بە هونەرمەندی هەژاران ناسراوە، ناوی ئەحمەد مەحمودە بە ئەحمەد شەماڵ یان ئەحەی خولە سنەیی ناسراوە، بەهۆی ئەوەی باوکی خەڵکی شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە، نازناوی سنەیی لەباوکییەوە وەرگرتووە.

ساڵی ١٩٢٢ لە گەڕەکی چوارباخی سلێمانی، لە خانەوادەیەکی هەژار چاوی بەدنیا هەڵهێناوە، ئەو هەژارییەش بەتەواویی لە گۆرانییەکانیدا ڕەنگی داوەتەوە.

لەسەرەتاکانی ژیانیدا هاوشێوەی بەشێکی زۆر لە خوێندکارانی ئەو کات ڕووی لە حوجرە و تەکییەکان کردووە، بەڵام هەر زوو بەهۆی هەژاریی و تاڵی ڕۆژگارەوە، وازی لە خوێندن هێناوە، بووەتە هاوکار و یارمەتیدەری باوکی، لەپێناو دابینکردنی بژێویی خێزانەکەیدا چەندین کاری کردووە وەک تونچێییەتی و حەمام چێیەتی، ماوەیەکی زۆریش شوان بووە.

هەر لە شاری سلێمانی هاوسەرگیریی کردووە و بووەتە باوکی شەش منداڵ سی کچ و سی کوڕی هەیە.

هەژاریی چیرۆکێکی دانەبڕاو بووە لە ژیانی ئەحمەد شەماڵدا، دەربازبوون لەو ژیانە سەختە بەشێکی زۆری هیواو و خۆزگەکانی داگیر کردووە، لەگەڵ ئەو هەموو خەم و هەژارییە، کەسێکی قسە خۆش و دەم بەخەندە بووە، دانیشتنەکانی بێ پێکەنین نەبوون، جگە لەوەی گۆرانییەکانی ڕەنگدانەوەی ژیانی خۆیەتی، گۆرانیی بۆ ئەوینداران و سرووشتی کوردستان وتووە و کەسێکی نیشتمانپەروەر بووە.

سەرەتای کارە هونەرییەکانی ئەحمەد شەماڵ و تێکەڵبوونی بە دنیای گۆرانیی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٥٣، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی یەکەم بەرهەمیدا هەر زوو لەناو خەڵکدا ناسرا.

کامەران عوسمان برازای هونەرمەند ئەحمەد شەماڵە و لەبارەی مامی بەم شێوەیە بۆ ڕۆژنیوز قسەی کرد: هونەرمەندێکی میللی شاری سلێمانی بوو، خەڵکی خۆشیان دەویست، هیچ کاتێک جیاوازی، نەکردووە لەبەینی منداڵیک یان گەورەیەک یان دەوڵەمەند وفەقیرێک خەڵکی لەشارەکانی کەرکووک و خانەقین و کەلار وکفری خەڵک هاتوون بۆ میوانداری و خۆشیان دەویست.

کامەران عوسمان
کامەران عوسمان

وتیشی، ئەحمەد شەماڵ گۆرانییەکانی زۆربەی ڕەنگدانەوەی لەخۆیدا هەبووە، کۆمەڵێ گۆرانی فۆلکلۆری ووتووە و حەیران و ئای ئای تایبەت بەخۆی وتوە، ئایی ئایی تایبەت بەگەرمیان، بەڵام ئەحمەد شەمال ووتویەتی توێژێکی سلێمانیانەیی کردووە بەبەریا، حەیرانی دەشتیی هەولێر بەشێوەیەک وتوویەتی مۆرکی خۆی پێوەیە.

ئاماژەیی بەوەکرد،ئەحمەد شەمال بەهەژاریی و حەماڵی و توونچیتی هەموو کارێکی کردووە بۆ بژێووی ژیانی خۆی.

ئەو بەرهەمانەی کە تۆمارکراون بە گشتیی لەلای تۆمارگای خیام هەن، نزیکی ٧٠ کاسێتن، شیعرەکانی زۆربەی ئاواز و شیعرەکانیش  ئی خۆی بووە، شیعرەکانی نالی و وەفایی بەکارهێناوە لەگۆرانیەکانیدا.

ئەو هونەرمەندە لەگەڵ زۆربەی هونەرمەندەکان پەیوەندیەکی باشی هەبووە، ئەوەی زۆرتر باسی لێوە دەکرێت کە پەیوەندی و دۆستایەتی زیاتر لەگەڵ هونەرمەند حەسەن زیرەک و سەڵاح داودە ومحەمەدی ماملی و ئەحمەد محەمەد و کەریم گوڵانی  و کەریم خەمزەیی بەرهەمی هەبووە زۆربەی کاتەکانیان پێکەوە بەسەربردووە و پێکەوە لە ئاهەنگەکاندا گۆرانیان وتووە، بەڵام هیچ لەو ئاهەنگ و گۆرانییانە تۆمارنەکراون.

محەمەد حاجی حسێن
محەمەد حاجی حسێن

یەکێک لە خاوەنەکانی تۆمارگەی خیام لە شاری سلێمانی و بەم جۆرە باسی هونەرمەند ئەحمەد شەماڵ دەکات و دەڵیت: لە ساڵی ١٩٧٠ من هونەرمەند ئەحمەد شەماڵ دەناسم زیاتر لە ١٥ بەرهەمان بۆ کردووە، بەردەوام بی بەرامبەر کاری دەکرد، لەگەڵ هونەرمەند عەلی ڕەش و کەریم خەمزەیی دوو ئاهەنگمان بۆ کردووە.

کاسێتمان بۆ زۆربەی هونەرمەندان تۆمارکردووە

کاوە محەمەد، خاوەنێكی دیکەی تۆمارگەی خیام بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت: لەساڵی ١٩٦٧  ئەم تۆمارگەیە هەیە کار بۆ هونەرمەندان  دەکات، زۆربەیی هونەرمەندەکانی ڕۆژهەڵات و ئێرەش  ئێمە کاسیتمان بۆ تۆمار کردوون.

کاوە محەمەد
کاوە محەمەد

هونەرمەند ئەحمەد شەماڵ یەکێکە لەوو کەڵەهوونەرمەندانەیی لەم تۆمارگەیە بەرهەماکانی لەلایەن باوکمەوە بۆ تۆمار کراوە بەرهەمەکانی ١٦بۆ ١٧ بەرهەم دەبێت،لەساڵی ١٩٩٦ کەمالی حاجی سەعید دوا بەرهەمی بۆ هونەرمەند ئەحمەد شەماڵ تۆمار کردووە،هەوادارانی ئەحمەد شەمال هەر وەک خۆیی ماوە ئێستا زیاتر خەڵک داوایی بەرهەمەکانی دەکات  تەکنەلۆژیا کاریی لەسەر بەرهەمەکانی ئیمە نەکردووە.

هونەرمەند، لە دوایی ململانێیەکی زۆر لەگەڵ نەخۆشی، ڕۆژی ٣ـی نیسانی ١٩٩٧ لە شاری سلێمانی کۆچی دوایی دەکات و هەر لەو شارە بە ئامادەبوونی خەڵکێکی زۆر لە گۆڕستانی سەیوان بەخاک دەسپێردرێت.

هـ.ح

Comments are closed.