یەنەکە: هەڵوێستمان نەگۆڕە و دەبێت هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا بکرێت

ناوەندی هەواڵەکان

مەکتەبی سیاسیی یەنەکە ڕایگەیاند، هەڵوێستمان نەگۆڕە و پابەندین بەو وادەیەی کە بڕیاری لێدراوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و نوێکردنەوەی دامەزراوە دەستورییەکانی وەک پەرلەمان و حکومەتی هەرێم هەر لە ڕێی دەنگدانی گشتییەوە دەبێت.

ئەمڕۆ، مەکتەبی سیاسیی یەنەکە بە سەرپەرشتی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەنەکە، سەبارەت بە پرسی ھەڵبژاردن و ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا، کۆبوونەوە و ڕاگەیاندراوێکیان بڵاو کردەوە.

 یەنەکە ڕایگەیاندووە، لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ لە دەباشان بۆ تاوتوێکردنی دوا ئامادەکارییەکان و بەرنامەی مەکتەبی هەڵبژاردنی یەنەکە لەم بوارەدا بەڕێوەچوو، هەڤاڵان بە تێکرا لەگەڵ پابەندێتیی هەموو لایەک بوون بەو وادەی، کە لە لایەن سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانەوە بڕیاری لێدراوە و کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقیش ئامادەکاری پێویستی بۆ کردووە.

هەر لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسییی لە سۆنگەی پەرۆشی بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم و ئەزموونی دیموکراتی کوردستان، کە خەونی لە مێژینەی گەلەکەمانە و خەباتێکی بێوچانی بۆ کراوە، هەروا جەختی لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دیموکرات کردەوە، کە پابەندبوون بە وادەی ڕاگەیاندراوەکانی هەڵبژاردنیش بەشێکە  لە ئاماژە جەوهەرییەکانی پاک و بێگەردی پڕۆسەکە.

یەنەکە دووپاتیشی کردەوە نوێکردنەوەی دامەزراوە دەستورییەکانی وەک پەرلەمان و حکومەتی هەرێم هەر لە ڕێی دەنگدانی گشتییەوە دەبێت و ڕەوایی نوێنەرایەتی گەلەکەشمان بۆ داکۆکی ماف و ژیان و گوزەرانی هاوڵاتییانیش هەر بەو شێوەیە دابین دەبێت.

یەنەکە جەختی کردەووە، کە ئەمڕۆ داخوازی هاوڵاتییان بۆ مووچە و بودجەی  ئاوەدانی و بوژاندنەوە تەنها و تەنها لە ڕێی پەرلەمان و حکومەتێکی نوێوە دەکرێت کە پشتی بەستوو بە بڕیاری خەڵکی کوردستان دەتوانێت پێداگری لەسەر مافە دەستورییەکانی کوردستان  و شایستە داراییەکانی گەلەکەمان  بکات و لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی دانوستانێکی دادپەروەرانە و ئازایانەی لەسەر بکات.

ب.گ

Comments are closed.