دەستپێشخەریی گەل: دژی زەوتکردنی ئیرادەی گەل بڕژێنە گۆڕەپانەکان

ناوەندی هەوالەکان

دەسپێشخەریی گەلی کوردستان بانگەوازیی لە هەموو هێزە دیموکراتیکەکان کرد، بەتایبەت کوردستانییان، لە دژی زەوتکردنی ئیرادەی گەلی وان، بە پێشەنگایەتی گەنجان و ژنان بڕژێنە گۆڕەپانەکان و تا بەدەستهێنانی مافی خۆتان لە گۆڕەپانەکان بن.

لە کاتێکدا عەبدوڵا زەیدان کاندیدی پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە وان، زۆرترین دەنگی بەدەستهێناوە و سەرکەوتووە، بەڵام پۆستی سەرۆکی شارەوانی وانی لێ زەوت کرا و درا بە کاندیدی ئاکەپە، دەستپێشخەریی گەلی کوردستان، لەمبارەیەوە ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە.

دەسپێشخەریی گەل، ڕایدەگەیەنێت گەل لە هەڵبژاردنەکاندا بەرامبەر ڕژێمی قەیوم و سیاسەتی قڕکردنی دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە و گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان هەڵوێستێکی ڕوونی نیشاندا.

هەروەها ڕایگەیاند، گەلی کوردستان دژی ڕژێمی ئاکەپە-مەهەپە، لە وان سەرکەوتنێکی مەزنی بەدەستهێناوە، بۆیە ئاکەپە-مەهەپە بەرگەی ئەمە ناگرن و هەوڵی پیلانگێڕیی دەدەن بۆ زەوتکردنی ئیرادەی گەلی وان، سەرەڕای سەرکەوتنی ڕاستەقینەی کاندیدی شارەوانی وان، عەبدوڵا زەیدان، دەیانەوێت کودەتا بەسەر ئیرادەی گەلدا بکەن.

دەسپێشخەریی گەل دووپاتی دەکاتەوە نابێت ئەم بڕیارە بە هیچ جۆرێک قبووڵ بکرێت و دەڵێت: “پێویستە هەموو گەلی کورد و هێزە دیموکراتییەکان لە هەموو جێگەیەک دژی ئەم کارە قێزەونەی دژی ئیرادەی سیاسی گەلی کورد، ناڕەزایەتییەکی بەهێز پیشان بدەن”.

هەروەها بانگەواز لە هەموو هێزە دیموکراتییەکان و کوردستانییان دەکات بە پێشەنگایەتی ملیۆنان گەنج و ژن بڕژێنە گۆڕەپانەکان و تا بەدەستهێنانی مافەکانیان گۆڕەپانەکان جێنەهێڵن و چالاکی ئەنجام بدەن “ڕۆژی یەکێتیی و خاوەندارییە لە شەرەف و ئیرادە”.

ب.گ

Comments are closed.