لە شنگال هێرشەکەی دەوڵەتی تورک بۆ سەر سەردەشت شەرمەزار کرا

شنگال

بە پێشەنگایەتی تاژێ و گەنجانی عەرەب و دەستەی سەرۆک عەشیرەتەکانی شنگال، هێرشەکەی دەوڵەتی داگیرکەریی تورک بۆ سەر سەردەشت شەرمەزار کرا و ڕایانگەیاند، ئەردۆغان لە هەڵبژاردن و لە چیا  بەرامبەر گەریلاکانی ئازادیی شکستی هێناوە، بۆیە هێرش دەکاتە سەر شنگال.

دەوڵەتی داگیرکەریی تورک، نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە نزیک کامپی سەردەشت لە چیای شنگال، ئۆتۆمبێلێکی مەدەنییان بۆردوومان کرد و لە ئەنجامدا دوو کەس بریندار بوون، ئەمڕۆش گەلی شنگال بە پێشەنگایەتی تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزدیی-تاژێ و گەنجانی عەرەب و دەستەی سەرۆک عەشیرەتەکانی شنگال، لە شوێنی بۆردوومانەکە گردبوونەوە و ڕاگەیاندراوێکیان خوێندەوە.

سەرەتا لەسەر ناوی تاژێ، عەدول شەمۆ وتارێکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند، دەوڵەتی داگیرکەریی تورک لەبەرامبەر بەرخۆدانی گەریلا شکستی هێناوە بۆیە هێرش دەکاتە سەر شنگال، ئێمە وەک گەلی شنگال لە هێرش و هەڕەشەکانی ئەردۆغان ناترسین، ئەمڕۆ نەک تەنها لە چیا بەڵکو لە هەموو شوێنێک ئەردۆغان دووچاری شکست بووەتەوە، لە هەڵبژاردنیش شکستی هێنا بۆیە بووە بە گورگی هار و بە هەموو لایەکدا هێرش دەکات.

دواتر لەسەر ناوی دەستپێشخەری گەنجانی عەرەب، حەسەن ئەسوەد، ڕاگەیاندراوێکی خوێندەوە و تێیدا هاتبوو، ئێمە هێرش و داگیرکاریی دڕندانەی دەوڵەتی تورک و ئەردۆغان، کە ژن و منداڵ و خەڵکی مەدەنی شنگال دەکاتە ئامانج شەرمەزار دەکەین، زۆر جار بانگەوازییمان لە عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە کە سنوورێک بۆ ئەم هێرشانە دابنێن، بەڵام بێ ئەنجام بووە، ئەردۆغان بەهۆی شکستهێنانی لە هەڵبژاردن و بۆ پەردەپۆشکردنی شکستەکانی ئەم هێرشانە دەکات، بەڵام گەل بە ئیرادەی خۆی سنوور بۆ داگیرکارییەکانی دادەنێت، لە چیاکانیش بە دەستی گەریلا گورزی گەورە دەخوات و بێ چارە بووە.

هەروەها دەستەی سەرۆک عەشیرەتەکانی شنگال بە ڕاگەیاندراوێک هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەریی تورکیان شەرمەزار کرد، کە لەلایەن فەقیر بەرەکاتەوە خوێندرایەوە و تێیدا هاتبوو، دەوڵەتی داگیرکەریی دۆڕاوی تورک جارێکیتر هێرشی کردە سەر شنگال و ئۆتۆمبێلێکی مەدەنی بۆردوومان کرد، ئەم هێرشە نامرۆڤانەیە و ئەردۆغان جارێکیتر دەیەوێت داعش بهێنێتەوە سەر چیای شنگال، ئەم هێرشانە نیشانی دەدات کە ئێمە چەند گەورەین و دوژمنمان هەراسان کردووە.

ب.گ

Comments are closed.