دەوڵەتی تورک بە چڕی گوندەکانی چیای گارەی بۆردوومان کرد

ناوەندی هەواڵەکان

ئەمڕۆ دەوڵەتی داگیرکەری تورک، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە چڕی بۆردوومانی بەشێک لە گوندەکانی دەووروبەری زنجیرە چیای گارەیان کرد.

ڕێکخراوی سی پی تی ئەمریکی ڕایگەیاند، ئەمڕۆ دەوڵەتی داگیرکەریی تورک لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، هەردوو گوندی سپیندارێ و مژێ-یان بۆردوومان کردووە، کە دەکەونە باشووری زنجیرە چیای گارە، لە شارۆچکەی ئامێدی سەر بە پارێزگای دهۆک.

هەروەها سی پی تی ڕایگەیاند، لە ئێستادا، سوپای تورکیا لە ڕێگەی بۆردوومانی هەڕەمەکییەوە دەیەوێت ترس و دڵەڕاوکێ لە ناو گوندنشیناندا بڵاو بکاتەوە و گوندنشینانی دەووروبەری زنجیرە چیای گارە، ناچار بکات بە جێهێشتنی گوندەکانیان بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی فراوان بۆ سەر چیای گارە.

ڕێکخراوی سی پی تی لەگەڵ بڵاو کردنەوەی ئەم بابەتەدا، کورتە دیمەنێکیان داناوە و لەسەریان نووسیوە: ئەم گرتە ڤیدیۆییەی خوارەوە، بۆردوومانی ئەمڕۆی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیایە بۆ سەر گوندی سپیندارێ.

ئەمە لە کاتێکدایە، دەوڵەتی داگیرکەریی تورک لەگەڵ پەدەکە و بە هاوکاری عێراق، خەتوخاڵی هێرشێکی داگیرکاریی فراوانیان بۆ سەر باشووری کوردستان کێشاوە و بەگوێرەی زانیارییەکان چەقی ئامانجی ئەو هێرشەش داگیرکردنی چیای گارەیە.

ب.گ

Comments are closed.