کاندیدەکەی وانی دەم پارتی: هەمووان دژی ئەم نادادییە ڕاپەڕن

ناوەندی هەواڵەکان

هاوسەرۆکی شارەوانی وان، عەبدوڵا زەیدان کە ئاکەپە لە دژی کودەتای سیاسییان کرد، ڕایگەیاند، چاوەڕوانن هەمووان دژی ئەم نادادییە ڕاپەڕن و بە ئاکەپەی وت: چۆن ڕووتان دێ سەیری ڕووخساری ئەم گەلە مەزنە بکەن

بە بڕیاری ئاکەپە مافی هاوسەرۆکی شارەوانی وان لە عەبدوڵا زەیدان کاندیدی سەرکەوتووی وان زەوت کرا، لە کاتێکدا زۆرترین دەنگی بەدەستهێنابوو، ئەم بڕیارەش لە چەندین ناوچە شەرمەزار کرا، ئەمڕۆش  شارەوانی وان نەزلیهان شەدال و عەبدوڵا زەیدان لەبەردەم ڕێکخستنی دەم پارتی لە وان لەمبارەیەوە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییان ئەنجامدا.

لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا عەبدوڵا زەیدان وتی: “ئێمە لە وان بە ئیرادەی گەل ١٤ شارەوانیمان بردەوە، هەرچەند مافی دەستبەکاربوونم بەدەستهێناوە، بەڵام هەوڵ دەدەن ئیرادەی گەل زەوت بکەن”.

زەیدان ئەم بڕیارەی بە نادادیی و نایاسایی ناوبرد و ڕایگەیاند بۆسەیەکە بەرامبەر ئیرادەی گەل و ئێمەش تا دوایی ئیرادەی گەل دەپارێزین و سکاڵا دەکەین، وتیشی: “مەسەلەکە زەیدان و شەدال نییە، بۆسەیەکە بۆ گەلی کورد و گەلی وان، چاوەڕێی ئەوەین هەمووان دژی ئەم نادادییە ڕاپەڕن، چونکە ئەوەی ئەمڕۆ بەرامبەر ئێمە دەکرێت، سبەی لە ئزمیریش دەسەپێنرێت، کەس ناتوانێت ئیرادەی ئەم گەلە پێشێل بکات”.

زەیدان پەیامێکی ئاڕاستەی کاندیدەکەی ئاکەپە کرد و وتی: “چۆن ئیرادەی گەل پێشێل دەکەیت و لەسەر ئەو تەختە دادەنیشیت؟ چۆن ڕووت دێ سەیری ڕووخساری ئەم گەلە مەزنە بکەیت، چۆن دەتوانیت بێیتە حزووری گەل، ئەم گەلە قەبووڵی ناکات، سڵاو لە گەلی وان دەکەین کە خاوەنداری لە ئیرادە و شکۆی خۆیان دەکەن”.

لای خۆیەوە نەزلیهان شەدال ئەم کارەی وەک “کودەتای سیاسیی” ناودێر کرد و ڕایگەیاند ئەوەی لێمان زەوت کراوە بەدەستی دەهێنینەوە، ئەمە بڕیارێکی سیاسییە و زەوت کردنە، قەبووڵی ناکەین.

شەدال ڕایگەیاند گەلی وان سەلماندی بەرامبەر ئەم زەوتکردنە ڕادەپەڕێت و وتی: “بانگەواز لە گەلەکەمان دەکەین ڕێگە بەم کارانە نەدەن و خاوەنداری لە ئیرادەی خۆیان بکەن”.

ب.گ

Comments are closed.