کەنەکە: ئاکەپە دەیەوێت ئیرادەی گەلی وان زەوت بکات

ناوەندی هەواڵەکان

کەنەکە لە دژی کودەتا سیاسییەکەی ئاکەپە ناڕەزایەتی دەربڕی و ڕایگەیاند، گەلی وان بە تەنها جێ مەهێڵن و خاوەنداری لە ئیرادەی خۆتان بکەن، ئەمە زەوتکردنی ئیرادەی گەلی وان و هەموو کوردستانە.

لە کاتێکدا عەبدوڵا زەیدان کاندیدی پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە وان، زۆرترین دەنگی بەدەستهێناوە و سەرکەوتووە، بەڵام پۆستی سەرۆکی شارەوانی وانی لێ زەوت کرا و درا بە کاندیدی ئاکەپە، لەمبارەیەوە کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) ناڕەزایەتی دەربڕی و ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە.

کەنەکە ڕایگەیاند گەل سەرکەوتنی مەزنی بەدەستهێنا لە هەڵبژاردنەکان، سەرەڕای ئەوەی سیستەمەکە نادیموکراتیک بووە، لەگەڵ ئەوەی بە دەنگدەری ساختە و فێڵکردن چەند شارەوانییەکیان زەوتکرد، ئێستەش لە هەندێک شار هەڵبژاردن پووچەڵ دەکەنەوە و لە هەندێک شوێنی دیکەش شارەوانییەکان زەوت دەکەن.

کەنەکە دەربارەی هەوڵی زەوتکردنی شارەوانی وان ڕایدەگەیەنێت، هیچ یاسا و ویژدان و داد و ئەخلاقێک لەم بڕیارەدا نییە و مایەی قەبووڵکردن نییە و دەڵێت: “ئەمە زەوتکردنی ئیرادەی گەلی وانە و هاوکات زەوتکردنی ئیرادەی گەلی کوردستانە، ئەم بڕیارە لەسەر بناغەی دوژمنایەتی کورد دراوە و بڕیارێکی نەژادپەرستانەیە، گەلی وان ئێستە لە شەقامەکانە و بڕیارەکە شەرمەزار دەکەن”.

کەنەکە لە درێژەدا دەڵێت: “بانگەواز لە گەلی کوردستان و دۆستانی گەلی کورد و هێزە دیموکراتیکەکان دەکەین گەلی وان بە تەنها جێ نەهێڵن، خاوەنداری لە ئیرادەی خۆتان بکەن و دژی ئەم بڕیارانە بووەستنەوە”.

هەروەها بانگەواز لە ڕای گشتیی جیهان دەکات، بەرامبەر ئەم بڕیارە نەژادپەرستانەیە بووەستنەوە و دەڵێت: “وەک کەنەکە لە هەموو جێگە و گۆڕەپانێک تا کۆتایی بەرامبەر ئەم نادادییە دەوەستین و مافی گەلەکەمان دەپارێزین”.

ب.گ

Comments are closed.