ئینستوتی پەی: پێویستە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمى کوردستان دوانەخرێت

ناوەندی هەواڵەكان

ئینستتیۆتی پەی بڵاوی كردەوە، داوا لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی ماوە بەسەرچووى هەرێمی كوردستان دەكەن، کە هیچى دیکە هەڵبژاردنى پەرلەمانى هەرێمى کوردستان دوانەخرێت، تا شەرعیەتی هەرێم نەكەوێتە ژێر پرسیارەوە، دەشڵێن: پرۆسەی سیاسیی لە هەرێم بە دۆخێكی هەستیار و مەترسیداردا گوزەر دەكات.

ئینستتیۆتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمى كوردستان نامەیەكی كراوەیان ئاراستەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی ماوەبەسەرچووى هەرێمی كوردستان كردووە.

لە نامەكەدا هاتووە، لە ئێستاشدا پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان بە دۆخێكی هەستیار و مەترسیداردا گوزەر دەكات، ئەم دۆخەی خوڵقاوە لە بنەڕەتدا وەك پیلان بە هەماهەنگی و ژێر بەژێری دەوڵەتە هەرێمییەكان و بە ئاگاداری عێراق بەرێوە دەچێت بە مەبەستى گێڕانەوەی هەرێمی كوردستان بۆ چوارگۆشەی سفر.

ئاماژە بەوەشكراوە، ناكرێت ئەو ڕاستیەش فەرامۆش بكەین، خودی هێزە سیاسییە ناوخۆییەكان (پەدەكە و یەنەكە) ڕێگەخۆشكەر و هۆكاری سەرەكی ئەم بابەتەن، چونكە كارتی بیانویان بەدەستەوە داوە، ئەگەر پێشتر یەنەكە بیانووی جیاجیای هەبوو بێت بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەكان، ئێستا پەدەكە بە بیانوی جۆراوجۆرەوە ڕاستەوخۆ بایكۆتی كردووە، ئەم سیاسەتەش هەرێم دەخاتە بەردەم ترازان و تێكچونی پەیوەندییەكان، تا ئەگەری پێكدادان و تووندوتیژی.

ئەوەش خراوەتەڕوو، بەردەوام بوونی ئەم ڕەوشە، دەبێتە هۆى كەرتبوونی حكومەتی هەرێم، لەوەش خراپتر دوای ئەم قۆناغە ئەگەری هەمواركردنەوەی دەستوور لە عێراقدا دەبێتە دیفاكتۆ، ئەو كاتەش كورد توانای ڕێگریكردنی نابێت و پەشیمانی داد نادات، بەمەش شتێك بەناوی كیانی سیاسیی یەكگرتوو لە باشووری كوردستاندا نامێنێ.

بۆ دەرباز بوون لەو دۆخە ترسناكە داوا لە نێچیرڤان بارزانی دەكەین، دەسەڵاتی خۆى بەكار بێنێت بە جۆرێك نە قەوارەی هەرێم زیانمەند بێت و نە ئەزمونەكەش بكەوێتە بەردەم هەڕەشەوە، نە هەڵبژاردنیش بكەوێتە تونێلێكی داخراوەوە.

لە نامەكەدا هاتووە، ناكرێ بانگەشەی دیموكراسیەت بكەین، كەچی هیچكام لە هەڵبژاردنەكان لە ساتی خۆیاندا ئەنجام نەدرێن و هەمیشە دوابخرێن، هەر جارەو بە بیانو و هۆكارێك، هەرجارەی لایەنێك بۆ سەپاندنی مەرجەكانی خۆی، پرۆسەكە پەك بخات و هەرێم بخرێتە بۆشایی یاساییەوە، چونكە لە بۆشایی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاكاندا، بۆشایی یاسا دێتە كایەوە، دامەزراوەكانی تریش پەكیان دەكەوێت و هەرێم زیانمەند دەبێت، بۆیە دەبێت ئەو دامەزراوانە كارا بكرێنەوە.

لە كۆتایدا باس لەوەشكراوە، ئەگەر ئەم ڕەوشە بەردەوام بێت، تەواوی پرۆسەی سیاسی لە هەرێم و هاوڵاتیانی ڕووبەڕووی تەنگژەیەكی دیکە دەبنەوە، بەرەو تونێلێك دەبردرێن كۆتاییەكەی نەك هەر ڕوون نییە، بەڵكو مەترسیداریشە، دوور نییە هەرێمی كوردستان بكەوێتە قەیرانێكی ترەوە، كە چارەسەركردنی ئەستەم بێت، بۆیە چاكتر وایە هەوڵبدرێ دەرچەیەكی سیاسی و یاسایی بدۆزرێتەوە و هەرێم و خەڵكەكەی لەو تەنگژە پڕ مەترسیە دەرباز بكرێن، بەجۆرێك كەمترین زیانی لێ بكەوێتەوە.

هـ.ئ

Comments are closed.