پەرتووکێکی وێنەیی لەسەر ژیانی ڕێبەر ئۆجالان بڵاودەکرێتەوە

ناوەندی هەواڵەکان

لە دوو توێی ١٦٠ لاپەڕەدا، یەکەمین پەرتووکی وێنەیی، لەسەر ژیان و تێکۆشانی ڕێبەر ئۆجالان، کە لەلایەن نووسەرێکی سکۆتلەندی ئامادەکراوە، لە ساڵڕۆژی لە دایکبوونی ڕێبەر ئۆجالاندا لە ئەڵمانیا بڵاودەبێتەوە.

بڕیارە سبەینێ، یەکەمین پەرتووکی وێنەیی لەسەر ژیانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، بە ناونیشانی “ئازادیی سەردەکەوێت، ژیانی عەبدوڵا ئۆجالان بەوێنە” بڵاودەکرێتەوە.

لە پەرتووکەکەدا بەشێوەی هێڵکاریی وێنەیی، لە ١٦٥ لاپەڕەدا باس لە ژیان و تێکۆشانی ڕێبەر ئۆجالان دەکرێت، هەر لە سەردەمی منداڵییەوە تا گەنجی، خوێندکاربوون، وەرچەرخانی بۆ پانتایی سیاسیی، دامەزراندنی پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە و گۆشەگییرکردنی لە دوورگەی ئیمرالی دەکات.

هەروەها، بەشێكی گرنگی دیکەی ئەم پەرتووکە، باس لە تێڕوانینە گرنگەکانی ڕێبەر ئۆجالان بۆ پرسی ئازادیی ژن و تیۆرییەکانی بۆ کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتی دەکات.

ئەم کتێبە لە لایەن نووسەری سکۆتلەندی شان میشیل ویلسۆنەوە نووسراوە کە خۆی لە یابان دەژى، هەروەها وێنەکان لە لایەن وێنەکێشی کورد “کەکۆ”ـوە کێشراونەتەوە، هاوکات، ئەم وێنەکێشە کوردەش ئێستا لە یابان دەژى.

بڕیار وایە، سبەینێ کە دەکاتە ڕۆژی لە دایکبوونی ڕێبەر ئۆجالان، ئەم پەرتووکە سەرەتا بە هەرسێ زمانی کوردی، تورکی و ئەڵمانی، لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا بڵاوبکرێتەوە، لە داهاتوودا وەردەگێڕدرێتە سەر زمانی ئینگلیزی، عەرەبی و چەندین زمانی دیکەی جیهانی.

ب. جـ

Comments are closed.