زیانە مادییەكانی غەزە بە زیاتر لە ١٨ ملیار دۆلار مەزەندە دەكرێت

ناوەندی هەواڵەكان

بانكی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكان بڵاویان كردوەتەوە، زیانە مادییەكانی غەزە بە ١٨ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار مەزەندە دەكرێت، كە ئەو بڕەش یەكسانە بە لە ٩٧٪ی بەرهەمی گشتی ناوخۆیی غەزە لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٢دا، دەشڵێن، بە نزیكەی ٢٦ ملیۆن تۆن خۆڵ و خاشاك لە شارەکەدا کەوتووە، بۆ لابردن و فڕێدانی ڕەنگە چەندین ساڵ بخایەنێت.

بانكی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكان لە بارەی بڕى ئەو زیانە مادییەی بەر غەزە كەوتووە بەهۆی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس ڕاپۆرتێکى بڵاوکردەوە.

لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، زیانە مادییەكانی غەزە بە ١٨ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار مەزەندە دەكرێت، كە ئەو بڕەش یەكسانە بە لە ٩٧٪ی بەرهەمی گشتی ناوخۆیی غەزە لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٢ دا.

دەشڵێن، زیانی بیناكانی نیشتەجێبوون لە ٧٢٪ی کۆى گشتى زیانەکان پێكدەهێنن، زیانى ژێرخانە خزمەتگوزارییە گشتیەكانى وەك ئاو و تەندروستی و پەروەردە لە ١٩٪ پێكدەهێنن، زیانى بینا بازرگانی و پیشەسازییەكان، لە ٩٪ پێكدەهێنێت.

ئاماژەی بەوەشكراوە، بە نزیكەی ٢٦ ملیۆن تۆن خۆڵ و خاشاك لە شارەکەدا کەوتووە، بۆ لابردن و فڕێدانی ڕەنگە چەندین ساڵ بخایەنێت.

لە بەشێکى دیکەى ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی غەزە لە لێواری برسێتیدان، تەواوی دانیشتووانەكەی بەدەست بەدخۆراكییەوە دەناڵێنن، هەروەها زیاتر لە ملیۆنێك كەس بێ ماڵ و حاڵن، هاوکات لە ٧٥٪ ى دانیشتوانی ناوچەکە ئاوارە بوون.

لە ڕاپۆرتەکەدا باس لەوەشکراوە، ژنان، منداڵان، بەساڵاچووان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان لەنێو ئەو کەسانەن، كە زۆرترین كاریگەرییان لەسەر بووە، پێشبینی دەكرێت منداڵانی بچووکیش ڕووبەڕووی دەرئەنجامێك ببنەوە، كە كاریگەری لەسەر گەشەكردنیان بە درێژایی ژیانیان هەبێت.

ئەوەش هاتوە، لە ٨٤٪ی نەخۆشخانە و دامەزراوە تەندروستییەكان زیانیان بەركەوتووە یان لەناوچوون، هەروەها بەهۆی كەمی كارەبا و ئاو، دانیشتووانی غەزە كەمترین پێداویستی تەندروستی، دەرمان، یان چارەسەری ڕزگاركەری ژیانیان بەدەست دەگات.

لە كۆتایدا ئاماژە بەوەکراوە، بەهۆی شەڕەكانەوە لە ٩٢٪ی ڕێگا سەرەكییەكان تێكچووە و گەیاندنی هاوكارییە مرۆییە سەرەتاییەكان بۆ دانیشتووان لە ڕادەبەدەر قورس بووە.

هـ.ئ

Comments are closed.