دادگای فیدراڵی عێراق سكاڵایەكی دژی هەرێمی كوردستان ڕەتكردەوە

ناوەندی هەواڵەكان

ئەمڕۆ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لەسەر سكاڵای مستەفا سەنەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق كۆبووەوە، كە لە دژی سەرۆك وەزیرانی عێراق تۆماركرابوو، سەبارەت بە ناردنی بڕی ٦١٨ ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان و تێیدا دادگا بڕیارى ڕەتكردنەوەی سكاڵاكەی دا.

بەپێی خشتەی دانیشتنەكانی دادگای فیدراڵی عێراق ئەمڕۆ دادگاكە لە بارەی چەند دۆسییەك كۆبووەوە، یەكێك لەو سكاڵایانەش تایبەت بوو بە هەرێمی كوردستان.

بەپێی خشتەكە، ئەمڕۆ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لەسەر سكاڵای مستەفا سەنەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق كۆبووەوە، كە لە دژی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق تۆماری كردبوو، سەبارەت بە ناردنی بڕی ٦١٨ ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان، بەڵام بەهۆی ئەوەی سكاڵاكە هیچ سیفەتی یاساییان نەبووە ڕەتكراوەتەوە.

مستەفا سەنەد لە سكاڵاكەدا ئاماژەى بەوەكرد بوو، پێدانی ئەو پارەیە بە هەرێمی كوردستان لەلایەن حكومەتی عێراقەوە، پێچەوانەی یاسایی بودجەی عێراقی فیدراڵە.

جێگەی ئاماژەیە، مانگی كانوونی دووەمی ٢٠٢٤، حكومەتی عێراق بڕی ٦١٨ ملیاری دیناری بەشێوەی قەرز بۆ هەرێمی كوردستان نارد بە مەبەستی دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران، ئەمەش ناڕەزایەتی چەند پەرلەمانتارێكی عێراقی لێكەوتەوە.

هـ.ئ

Comments are closed.