شارەوانییەکانى کانتۆنى جەزیرە لە باکووری کوردستان پشتگیری گەل دەکەن

ناوەندی هەواڵەکان

لەدژی زەوتکردنى شارەوانى وان لەلایەن دەوڵەتى ئاکەپە و مەهەپەی فاشیست شارەوانییەکانى کانتۆنى جەزیرە لە ڕۆژئاوای کوردستان خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و پشتگیریان لە گەل کرد.

دەوڵەتى ئاکەپە و مەهەپەی فاشیست دەستیان بەسەر شارەوانى واندا گرت کە بە دەنگی گەل بەدەستهاتبوو، بە نایاسایی و بە زۆر سەرۆک شارەوانییەکى خۆیان بەسەر شارەکەدا سەپاند.

لەو چوارچێوەیەدا، ئەمڕۆ سەدان کارمەند و فەرمانبەر لە شارەوانییەکانى کانتۆنى جەزیرە لە ڕۆژئاوای کوردستان لەدژی زەوتکردنى شارەوانى وان خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و پشتگیری خۆیان بۆ گەلی کورد لە باکووری کوردستان دووپاتکردەوە.

هاوکات شارەوانییەکانی گەل لە حەسەکە و ناوچەکانى تەل تەمر و تەل بەراک و دەربێسییە لە ڕاگەیەندراوێکدا پیرۆزباییان لە گەلی کورد لە باکووری کوردستان کردو هەروەها زەوتکردنى شارەوانى وانیان لەلایەن دەسەڵاتداری تورک شەرمەزار کرد.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، لە ئەنجامەکانى هەڵبژاردنى شارەوانییەکانی باکووری کوردستانەوە دەردەکەوێت کە گەل گۆڕانکاری دەخوازێت و دەسەڵاتی ئاکەپە ڕەتدەکاتەوە و گەل لە سیاسەتى ئەردۆغان و پارەکەى ناڕازین و ڕەتیدەکەنەوە.

هەروەها شارەوانییەکانى کانتۆنى جەزیرە و ناوچەکانى دیکە پشتگیری خۆیان بۆ کاندیدە سەرکەوتووەکانى دەم پارتى بۆ شارەوانییەکانى باکووری کوردستان دووپات دەکەنەوە و داوا لە گەلی کورد دەکەن کە سیاسەتى ئاکەپە ڕەتبکەنەوە.

لە کۆتاییشدا بانگەواز لە ڕێکخراوە مرۆییە نێودەوڵەتییەکان دەکەن کردەوە نامرۆڤییەکانى دەوڵەتى تورک ڕابگرن و دەستوەردان بکەن، بۆ ئەوەى ئاکەپە کۆنترۆڵی مافی گەلان نەکات.

ڕۆژی ٣١ـی مانگی ڕابردوو هەڵبژاردنى شارەوانییەکان لەسەرتا سەری تورکیا و باکووری کوردستان بەڕێوە چوو، گەلی کورد توانی سەرکەوتنێکی گەورە بەدەست بهێنێت و ٧٨ شارەوانى مسۆگەر بکات، بەڵام دەوڵەتى فاشیستى ئاکەپە و مەهەپە دەستیان بەسەر شارەوانى واندا گرت و لە کوردیان زەوتکرد.

هـ.ح

Comments are closed.