لە ڕێگەی هەندەران پۆلیسی تورک گەنجێکی کوردی کوشت

ناوەندی هەواڵەکان

دوای ئەوەی ژمارەیەک گەنج بۆ بەدەستخستنی ژیانێكی شایستە ڕێگای هەندەرانیان گرتەبەر، لە نزیکی وانی باکووری کوردستان، لەلایەن پۆلیسی دەوڵەتی تورکەوە، هێرشیان دەکرێتە سەر، لە ئەنجامدا یەکێک لەوانە، کە دانیشتووی شارەدێى وارماوایە لە سنوورى سلێمانى کوژرا.

دوێنی، گەنجێکی دانیشتووی وارماواى سەر بە شارۆچکەی شارەزوور لە سنوورى پارێزگای سلێمانی، لەلایەن پۆلیسی دەوڵەتی تورکی داگیرکەرەوە لە نزیک شاری وانی باکووری کوردستان پاش ئەشکەنجەیەکی زۆر، دەکوژرێت.

بەپێی زانیارییەکان، کۆمەڵێک گەنجی باشووری کوردستان بۆ دابینکردنی ژیانێکی شایستە ویستوویانە لە ڕێگەی ئێرانەوە پاشان بۆ تورکیا بچنە ئەوروپا، بەڵام لە نزیکی شاری وانی باکووری کوردستان لەلایەن پۆلیسی دەوڵەتی تورکەوە دەسگیر دەکرێن.

ئەوەش زانراوە، پاش ئەشکەنجەیەکی زۆر، یەکێک لە گەنجەکان بەناوی “فەرمان مستەفا” کە دانیشتووی شارەدێى وارماواى سەر بەشارۆچکەی شارەزوورە، گیانى لەدەستداوە.

لە ئێستاشدا خانەوادەکەی ڕۆشتوون بۆ تورکیا، بە مەبەستى هێنانەوەی تەرمی ڕۆڵەکەیان.

ب. جـ

Comments are closed.