وادەی سەردانی ئەردۆغان بۆ عێراق ئاشكرا كرا

ناوەندی هەواڵەكان

بڕیارە ئەردۆغان لە ٢٢ نیسانی ئەمساڵ سەردانی عێراق بكات و لەگەڵ بەرپرسانى غێراق تاتوێی چەند دۆسییەك بكەن، لەوانەش دۆسێیەی ئەمنی و ئابووریی و ڕێگەی گەشەپێدان، ئەمە لە كاتێكدایە، هێزەكانی پەدەكە لە ژێر ناوی پاسەوانی سنووردا پێشڕەوی سوپای تورك دەكەن بە مەبەستى داگیركردنی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان.

میدیا عەرەبییەكان لە بارەی وادەی سەردانی ئەردۆغانى سەرۆكی دەوڵەتی داگیركەری تورك بۆ عێراق زانیاری نوێ بڵاو دەكەنەوە.

میدیا عەرەبییەكان بڵاویان كردووەتەوە، دوای ١٢ ساڵ بۆ یەكەمجار بڕیارە ئەردۆغان لە ٢٢ نیسانی ئەمساڵ سەردانی عێراق بكات و لەگەڵ بەرپرسانى عێراق تاتوێی چەند دۆسییەك بكەن، لەوانەش دۆسییەی ئەمنی و ئابووریی و ڕێگەی گەشەپێدان.

ئاماژە بەوەشكراوە، لە ناوەڕاستی مانگی ڕابردووشدا شاندێكی وەزارەتی دەرەوەی دەوڵەتى تورك سەردانی بەغدای كرد، بە مەبەستی ئامادەكارییەكان بۆ سەردانەكەی ئەردۆغان.

دوای بڵاو بوونەوەی هەواڵی سەردانی ئەردۆغان بۆ عێراق، ناڕەزای شەقامی لێكەوتەوە، هاوڵاتییەك بەغدا بە ناوی محەمەد مەیاحی دەڵێت، كۆمەڵكوژییەكانی توركیا لە دژی عێراقییەكان بەردەوامە، توركیا دەیان بنكەی سەربازی لە عێراق هەیە، بەڵام ئێمە سەرمان لە بێ دەنگی سەرۆك وەزیرانی عێراق و وەزیری دەرەوە و ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان سوڕماوە.

هەروەها، عەلی فەزوڵا شرۆڤەكاری سیاسیی دەڵێت، دەبێت حكومەتی عێراق ڕێكاری جددی بەرامبەر بە ئامانجكردنی خاكی عێراق لەلایەن هێزەكانی توركیا و بێباكی ئەو وڵاتە بگرێتەبەر، جا چ لەڕێگەی هێزی ئاسمانییەوە بێت یان لە ڕێگەی زیادكردنی هێزەكانی پاسەوانانی سنوورەوە بێت، لە سەر سنووری هەرێم و توركیا.

جێگەی ئاماژەیە، ١٠ـی مانگی ڕابردوو شاندێكی سەربازی دەوڵەتی تورك لە ناو خاكی هەرێم لەگەڵ شاندێكی زێرەڤانی پەدەكە و پاراستن لە ژێر ناوی پاسەوانی سنووری عێراق كۆبوونەوە، وەزارەتی بەرگری دەوڵەتی توركیش دەڵێت، وەزارەتەكەیان لەگەڵ شاندیكی پاسەوانی سنووریی عێراق لەبارەی سنوورەكانی هەرێمی كوردستانەوە كۆبووەتەوە.

هـ.ئ

Comments are closed.