خەڵکی وان دوکانەکانیان ناکەنەوە و چالاکیی ناڕەزایەتی بەردەوامە

ناوەندی هەواڵەکان

خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی وان، دژی دەستبەسەرداگرتنی شارەوانی وان لەلایەن ئاکەپەوە بەردەوامە، خەڵکی وان ئەمڕۆ وەکو دەربڕینی ناڕەزایەتی دەرگای دوکانەکانیان نەکردەوە و چالاکیی و توڕەیی خەڵک تا دێت فراوانتر دەبێت.

عەبدوڵا زێدان کاندیدی هاوسەرۆکی شارەوانی پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە شاری وان سەرکەوتنی بەدەستهێنا، بەڵام کودەتای سیاسییان بەسەردا کرد و کاندیدی ئاکەپە وەکو هاوسەرۆکی شارەوانی دیاری کرا، هەر بۆیە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی لە شارەکە بەردەوامە.

شەوی ڕابردوو بە هەزاران کەس تا بەرەبەیان لە شەقامەکانی شاردا ناڕەزایەتییان دەربڕی، لە دوای هێرشە توندەکانی پۆلیس کاردانەوەی خەڵک زیاتر بوو، ناوەندی چالاکییەکان شەقامە سەرەکییەکانی جمهورییەت، ئۆردو، ماڕاش، میلی ئیگێمەنلیک، ئاککۆپروو، ئیکینیسان، کیشلا، ئۆرهان دۆگان بوون.

لە دوای ئەوەی کە خەڵک گەڕانەوە ماڵەکانی خۆیان، پۆلیس هەڵیکوتاوەتە سەر ماڵی هاوڵاتییان و بە شێوەیەکی هەڕەمەکی گازیان بۆ ناو ماڵەکان هاڵداوە،  ئەو پۆلیسانەی کە بە ئۆتۆمبێلی مەدەنییەوە چوونەتە ناو شەقامەکانی حەلیلەگای، تا بەرەبەیان گازیان لە شەقام و جادەکاندا ڕشتووە.

ئەمڕۆش وەک هەڵوێستێک کاسبکاران دەرگای دوکانەکانیان نەکردووەتەوە و وابڕیارە هەر ئەمڕۆ لە حەوت خاڵی شارەوە تا ناوەڕاستی شار ڕێپێوان ئەنجام بدرێت و ناڕەزایەتی دژ بە کودەتاکەی ئاکەپە دەرببڕن.

تولای حاتەم ئۆغۆلاری و تونجەر باکرهان هاوسەرۆکانی گشتی دەم پارتی، نوێنەری ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و خەڵکێکی زۆر بەشداری ڕێپێوانەکە دەکەن و لە پارکی فەقییە تەیران لێدوانێک دەدەن.

لە بەرەبەیانەوە پۆلیس بەسەر سەدان ماڵدایدا داوە و چەندین کەس دەستبەسەر کراون، بەسەر تەواوی ماڵەکانی شەقامی سورمەلی لە ناوچەی خاچرتیان دا داوە، لە کاتی هەڵکوتانە سەر ماڵەکاندا ئەشکەنجەی هاوڵاتییان دراوە، لە دژی توندوتیژی و فشارەکانی پۆلیس چوونە ناوماڵانەوە، خەڵکی شارەکە جارێکیتر چوونەوە سەر شەقام و ناڕەزایەتییان دەربڕی.

بەهۆی زیادبوونی کاردانەوەی گەل، هەزاران پۆلیس لە هەموو شارەکانی دەوروبەرەوە ڕەوانەی وان کران، لە بەرەبەیانەوە پاسی شارەوانی لە سەرجەم شەقامە سەرەکییەکانی ناوەند دانراون کە پۆلیسیان تێدایە، لە دوای چالاکییەکەی دوێنێ شەو جگە لە شەقامی جمهورییەت و ماڕاش، هەموو شەقامەکان بە ڕادەیەک داخران کە هاتووچۆی ئۆتۆمبێل تێیدا نەماوە.

ب. ق

Comments are closed.