دووەم ڕۆژی مەراسیمی سەرەخۆشی شەهید دڵخواز گەرمیانی بەڕێووەچوو

گەرمیان

لە شارەدێی ڕزگاریی دووەم ڕۆژی مەڕاسیمی سەرەخۆشی شەهید بینەر فایەق ناسراو بە دڵخواز گەرمیانی ، بە ئامادەبوونی  کەسوکاری شەهید و ئەندامانی تەڤگەری ئازادیی و کۆمیتەی شەهیدان بەڕێوەچوو.

ئەمڕۆ، لە شارەدێی ڕزگاری سەر بە ئیدارەی گەرمیان، ڕۆژی دووەمی مەڕاسیمی سەرەخۆشی شەهید بینەر فایەق ناسراو بە دڵخواز گەرمیانی بەڕێوەچوو، کە لە ٣١ـی ئاداری ئەمساڵ لە چیای زاب شەهید بوو، لە بەرخۆدانی دژی دەوڵەتی داگیرکەری تورک.

لە مەڕاسیمەکەدا جومعە کەریم، وتەبێژی تەڤگەری ئازادیی بە ڕۆژنیوزی وت: ئەمڕۆ لە دووەم ڕۆژی مەڕاسیمی سەرەخۆشی شەهید بینەرین، لێرەوە سوپاسی خەڵکی گەرمیان و کەسوکاری شەهید دەکەین کە هەموان خاوەندارێتییان لە سەرەخۆشی شەهیدەکەیان کرد، خانەوادەی شەهید بیبەر تا ئێستا هەشت شەهیدیان داوە بۆ خاک و نیشتیمان و خاوەن قوربانییەکی زۆرن لە گەرمیان.

وتیشی: بەردەوام دەبین لە سەر ڕێبازی شەهید بینەر و کار دەکەین بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی، لەمەودواش زیاتر خەبات پێشدەخەین بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانمان و پەیامەکانی شەهید بینەر بەرجەستە دەکەین لە خۆماندا.

لە کۆتایشدا ئاماژەی بەوەکرد، پێویستە گەلی کورد بە گشتیی خاوەندارێتی لە شەهیدەکان بکەن و لە سەرەخۆشی شەهید بەڵێنی یەکڕیزیی نەتەوەیی بدەین لە هەرچوارپارچەی کوردستان، دەبێت هەموو گەلی کورد خاوەندارێتی لە مەڕاسیمی شەهیدەکان بکەن، بۆ ئەوەی دووژمن بزانێت گەلی کورد خاوەندارێتی لە شەهیدەکانی دەکات.

ب.گ

Comments are closed.