لە ئامەد گفتوگۆ لەبارەی شانۆی کوردی لە باشووری کوردستان کرا

ناوەندی هەواڵەکان

لە نۆیەمین فێستیڤاڵی شانۆی ئامەد دیالۆگێک بە ناونیشانی “شانۆی کوردی باشوور” ئەنجام درا، تێیدا نیشتمان عەبدوڵا و کەریم تیشکی خستەسەر پێگەی ژنان لە شانۆی کوردیدا و وتی: ژنان ڕەچەشکێنییان کردووە و چیتر بوێرانە لە ناو شانۆدا جێگا دەگرن.

لە چوارچێوەی بەڕێوەچوونی، نۆیەمین فێستیڤاڵی شانۆی ئامەد، ئەمڕۆ لە ناوەندی ‘چاندی ما’ لەناو سووری ئامەد، دیالۆگێک بە ناونیشانی “شانۆی کوردی باشوور” ئەنجام درا، کە لەلایەن بەڕێوەبەریی بەشی شانۆی شاری سلێمانی نیشتمان عەبدوڵا کەریم و لێکۆڵەری بواری شانۆ عادل حەسەنەوە پێشکەش کرا.

سەرەتا نیشتمان عەبدوڵا کەریم قسەی کرد و وتی: ئەو شانۆگەرییانەی ئێستا نمایش دەکرێن تیشک دەخەنە سەر پرسە شۆڕشگێڕیی و نەتەوەییەکان و ئەکتەرەکان هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی خەڵک لەو پرسانە تێبگەیەنن، هەروەها کێشە سیاسیی و ئابوورییەکانیش لە شانۆکاندا نیشان دەدرێن، لەم سەردەمەدا بەتایبەتی تاکەکانی کۆمەڵگە هەوڵدەدەن لە ڕێگەی هونەرەوە بە ئازادیی کێشەکانی خۆیان دەرببڕن، شانۆ سەکۆیەی گرنگە بۆ ئەو مەبەستە.

نیشتمان ئاماژەی بەوەدا، ئامانجیان ئەوەیە شانۆ بکەنە سەکۆیەکی ئازاد و لە ڕێگەی شانۆوە ئازار و کێشە و داواکارییەکانی خەڵک دەرببڕن، هەروەها لەبارەی کێشەی دارایی هونەرمەندانی بواری شانۆ لە باشووری کوردستان وتی: وەک دەزانن شانۆکاران دەبێت هەمیشە کاری نوێ درووست بکەن، بەڵام شانۆکارانی کوردستان لە ڕوانگەی ئابوورییەوە لە دۆخێکی سەختدان، ئەگەر کەمیش بووبێت، لە ڕابردوودا پاڵپشتی دەکران، بەڵام ئێستا هیچ پشتگیرییەک نییە و لە گیرفانی خۆیان خەرجییەکان دەدەن، لە وەها بارودۆخێکدا قەیرانی ئابووریی ڕێگرە لە شانۆکاران، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ​​ئەکتەرەکان ناچارن کاری دووەمیش بکەن، ئەمەش کاریگەری لەسەر بەرهەمەکانیان هەیە، هیوادارم بتوانین پێکەوە لە هەر چوار پارچەی کوردستان چالاکییەکان ڕێکبخەین بۆ ئەوەی شانۆی کوردی بە زیندوویی بمێنێتەوە”.

باسی لەوەشکرد، لەم ساڵانەی دواییدا، ژنانی کورد نەک تەنها لە بواری شانۆدا، بەڵکو لە زۆر بواردا گەشەیان کردووە، هەروەک چۆن لە سەردەمی شکسپیردا ڕۆڵگێڕان بۆ ژنان قەدەغە بوو، بە هەمان شێوە لە کوردستانیش قەدەغەبوو ژنان بەشداری شانۆگەری بکەن، بۆیە ڕۆڵی ژنیش لەلایەن پیاوانەوە دەگێڕدرا، بۆ گۆڕینی ئەم دۆخە دەبوو شۆڕشی گەورە بکرێت، خۆشبەختانە لەم ساڵانەی دواییدا ژمارەیەکی زۆر لە ژنان بەشداری شانۆ دەبن لە سلێمانی، ئێمە بەردەوامی ئەوانین، ژنانی کورد ڕەچەشکێنییان کرد و بە بوێرییەوە لە زۆر بواردا بەشدارییان کرد، ئێمەی ژنان یەکسانیمان دەوێت، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ​​بەردەوام دەبین لە خەبات.

سەبارەت شانۆی کوردیی عادل حەسەن وتی: شانۆگەریی کوردی لە باشووری کوردستان لە دوای ساڵی ١٩٢٠ پەرەی سەند. کاتێک سەیری شانۆی پێشکەوتووی باشووری کوردستان دەکەین، دەبینین کە زانستێکی کۆمەڵایەتیی بەهێزی لە پشتەوەیە، شانۆ زانست و هونەرە، لەگەڵ پەرەسەندنی پەیوەندی شانۆ بە زانستەوە، زۆر باشتر و خێراتر گەشەی کرد.

ب.گ

Comments are closed.