جەنگاوەرانی ماک گورزیان لە قائیمقامییەتی ناوچەی خنس وەشاند

ناوەندی هەواڵەکان

جەنگاوەرانی ماک ڕایانگەیاند، دوێنێ گورز لە قائیمقامییەتی شارۆچکەی خنسی ئەرزروم وەشێندرا، پاشان زرێپۆشێک، کە رەوانەی شوێنی چالاکییەکە کرا بە ئامانج گیرا.

جەنگاوەرانی ئازادیی کوردستان-ماک، لە بارەی ئەنجامدانی چالاکییەکیان بۆسەر قائیمقامییەتی شارۆچکەی خنسی ئەرزروم لە باکووری کوردستان، ڕاگەیاندراوێكی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەی ماکدا هاتووە، کاتژمێر ٠١:٥٠ خولەکی دوێنێ، لە دژی قائیمقامییەتی شارۆچکەی خنس چالاکییەک ئەنجام درا.

باسیان لەوەشکردووە، دوای نیو کاتژمێر ئۆتۆمبێلێکی زرێپۆشی پۆلیس گەشتنە شوێنی چالاکییەکە، جارێکی دیکە بە تەقەمەنی دەستکرد هێرش کرایە سەر زریپۆشەکە.

هەروەها ئاماژەیان بەوەشداوە، دوای چالاکییەکە جەنگاوەرانمان بە سەرکەوتوو و سەلامەت گەیشتنەوە شوێنەکانی خۆیان، داوا لە هەموو ژنان و گەنجانی کوردستانی دەکەین، کە بەشداری ڕیزەکانی جەنگاوەرانی ماک بکەن.

لە کۆتایشدا دەڵێن: چالاکییە بەردەوامەکانی ماک دوژمن دەترسێنێت و ئاشکرایە کە دوژمن بەردەوام لە دڵەڕاوکێدایە، دوژمن هەست بە پارێزراوی ناکات و بۆ لەمەودواش هەر بەوشێوەیە دەبێت، ناتوانن لە شەقامەکانماندا بە ئاسوودەیی بجوڵێنەوە! چیتر ناتوانن بە ئارەزووی خۆیان گەلەکەمان لە شەقامەکان ئازار بدەن، تا ڕووخانی ئەم سیستەمەی ستەم و داگیرکاریی و ئازادبوونی شەقامەکانمان، چالاکییەکانیشمان بێ ناوبڕ بەردەوامدەبن.

لەلایەکی دیکەوە، ئەمڕۆ، جەنگاوەرانی دەلال ئامەدی بزووتنەوەی شۆڕشی یەکگرتووی گەلان هەبەدەهە ڕایگەیاند، جەنگاوەرانمان چالاکییەکیان بۆسەر کارگەیەک لە ئەستەنبوڵ ئەنجامداوە و بە هۆیەوە کارگەکە لەکارخرا.

ب. جـ

Comments are closed.