لە ڕانییە دژی سەردانەکەی ئەردۆغان گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیی کرا

ڕانیە

گرووپی کۆشان، لە شارۆچکەی ڕانیە سەبارەت بە مەترسییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر کوردستان و دژی سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ عێراق ڕایانگەیاند، پێویستە هەمووان ئەو مەترسییە بەهەند وەربگرن و هەنگاو بنێن بۆ کۆدەنگی نیشتیمانیی و بەرژەوەندی نەتەوەیی.

ئێوارەی ئەمڕۆ گرووپی کۆشان، بۆ پرسە نیشتیمانیی و نەتەوەییەکان، لە باخی گشتی شارۆچکەی ڕانیەی ناوەندی ئیدارەی ڕاپەڕین، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیان سەبارەت بە سەردانی ئەردۆغان بۆ عێراق و مەترسی و پێشهاتەکانی سەر باشووری کوردستان ئەنجامدا.

لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا ستار ڕەسوڵ  لەسەر ناوی گرووپی کۆشان ڕاگەیاندراوێکی خوێندەوە و وتی: بە بۆنەی کارەساتی ئەنفال و جینۆسایدی گەلی کورد لە باشووری کوردستان، لە سەر دەستی ڕژێمی بەعس، کە گەلی کورد ڕووبەڕووی کۆمەڵکووژی بووەوە و تاکو ئێستاش کاریگەری و ئاسەوارەکانی ئەو تاوانانە لەسەر ژیانی کورد هەیە، ئەم ئێشانە ئازارەکانی ئەوەندە قوڵە تەنها بەیەکگرتوویی و هۆشیاری و یەکڕیزیی گەلی کورد لە ئەمڕۆدا ساڕێژ دەبێت.

ستار وتیشی: ئێمە وەکو گرووپی کۆشان ئەو یادانە بەرزڕادەگرین، بەڵام هێشتاش ڕژێمە فاشیست و داگیرکەرەکانی کورد لە هەرچوار بەشی کوردستان بە فۆرم و میکانیزمی جیاواز بەردەوامن لە قڕکردنی گەلی کورد، لە ئێستاشدا گەلی کورد لەبەردەم ئایندەیەکی نادیاردایە.

هاوکات ڕایگەیاند، لای هەموان ڕوونە کە باشووری کوردستان لەبەردەم هەڕەشەیەکی جدیدایە، نەمانی هیچ دامەزراوەیەکی شەرعی خەڵک وایکردووە هەڕەشەکان زیاتربن، عێراق سەوروەری لەکەدار کراوە و هەربۆیە دەوڵەتی تورکی فاشیت لە ڕابردوودا چەندین جار کۆمەڵکووژی ئەنجامداوە.

لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەی گرووپی کۆشاندا ئاماژە بەوەکرا، دەوڵەتی تورک چەندین کیلۆمەتر هاتووەتە ناو خاکی عێراق و لەژێر ناو و پاساوی ئاسایشی نەتەوەیی دەیەوێت هێرشی داگیرکاریی ئەنجامبدات، ئامانج لەو هێرشانەش تەنها زیاتر داگیرکردنی باشووری کوردستانە، ڕابردووی ئەو دەوڵەتە ئەوەمان پێدەڵێت.

لە کۆتایشدا ستار ڕایگەیاند، ئێمە داوا لە هەموو ئازادیخوازان دەکەین، دوور لە ئینتیمای حیزبی و ئایدۆلۆژیی و هێڵی سیاسیی، هەڵوێست و هەنگاوی کرداری بنێن بۆ سەرکۆنەکردنی ئەو سەردانە چاوەڕوانکراوەی ئەردۆغان کە بڕیارە بۆ عێراق ئەنجامی بدات، بەنیازی زەمینە خۆشکردن و دۆزینەوەی پشتیوانییە بۆ ئەو ئۆپەراسیۆنە  داگیرکارییە، بۆیە پێمان وایە پێویستە هەمووان مەترسییەکە بە هەند وەربگرن و هەنگاوی درووست بنێن بۆ کۆدەنگی نیشتیمانیی و بەرژەوەندی نەتەوەی.

ب.گ

Comments are closed.