لە چەمچەماڵ گەنجێک بە هەڵە هاوڕێکەی خۆی دەکوژێت

ناوەندی هەواڵەکان

لە شارۆچکەی چەمچەماڵ، گەنجێک بە گولـلەی دەمانچە کوژرا و پۆلیس دەڵێت: بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان ڕووداوەکە بە ئەنقەست نەبووه و بە هەڵە فیشەک لە دەستی هاوڕێیەکی دەرچووە.

سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی چەمچەماڵ، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، شەوی پێنجشەمە لەسەر هەینی کۆمەڵێک گەنج لە شوێنێک کۆبوونەتەوە و یەکێکیان فیشەک لەدەستی دەرچووە و هاوڕێیەکی خۆی کوشتووە.

ئەو سەرچاوەیەی پۆلیس ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، یەکێک لە گەنجەکان چەکێکی جۆری دەمانچەی تورکی کڕیوە، لە کاتی تاقیکردنەوەی چەکەکەدا یەکێک لەگەنجەکان بە ناوی “ب،و،ح” تەمەن ١٧ساڵ بە هەڵە فیشەکێک لە دەستی دەردەچێت و بەر سەری هاوڕێکەی بەناوی “ئ،ع،ئ”ـی تەمەن ١٩ساڵ دەکەوێت و پاش مانەوەی بۆ ماوەی نزیکەی ١٢کاتژمێر لە نەخۆشخانە گیان لە دەست دەدات.

ئەوەشی خستەڕوو بەهۆی ئەوەی ڕۆژی ڕووداوەکە پشوو بووە نەتوانراوە وتە لە تۆمەتبار وەر بگیرێت بەڵام تۆمەتبار بە ماددەی ٤٠٥ لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە، بڕیارە سبەینێ وتە لە تۆمەتبار و شاهیدەکان وەر بگیرێت.

ب.گ

Comments are closed.