بەرخۆدانی شەنیاشار ٨١ ڕۆژە بەردەوامە و ڕێکخراوەکان سەردانیان کرد

ناوەندی هەواڵەکان

ماوەی ٨١ ڕۆژە ئێشکگری دادپەروەریی ئامینە شەنیاشار لەبەردەم وەزارەتی دادی تورکیا بەردەوامە و ئەمڕۆش چەندین ڕێکخراوی پیشەیی سەردانیان کرد و پشتیوانیی خۆیان بۆی دووپات کردەوە.

ڕۆژی ١٤ـی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٨، کەسوکار و پاسەوانەکانی ئیبراهیم خەلیل یڵدز، پەرلەمانتاری پێشووی ئاکەپە لە ڕحا، لە ناوچەی پیرسوس هێرشیان کردە سەر بنەماڵەی شەنیاشار، لەو هێرشەدا هاوژین و دوو کوڕی ئامینە شەنیاشار بەشێوەیەکی دڕندانە کوژران.

 ئامینە شەنیاشار و کوڕەکەی پەرلەمانتاری پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) فەرید شەنیاشار، کە بە برینداری لە هێرشەکە دەربازی بوو، ئێشکگری دادپەروەرییان دەستپێکرد لەبەردەم وەزارەتی دادی تورکیا لە ئەنقەرە و ئەمڕۆ ٨١ ڕۆژە بەردەوامن.

ئەمڕۆ لقەکانی ئامەد و مێردین و سێرت و ئێلح و وان و ڕحای ژووری ئەندازیاران، لقەکانی ئامەد و مێردین و چەولیگ و ڕحای ئەندازیاریی نەخشە و ژووری ئەندازیارانی ماشێنی ئامەد، سەردانی ئێشکگرییەکەیان کرد.

پەرلەمانتاری دەم پارتی فەرید شەنیاشار سوپاسی ئامادەبووانی کرد و تیشکی خستەسەر ئەو سیستەمەی لە بنەماڵەکەی کراوە و ئێشکگریی دادپەروەری ٨١ ڕۆژەی دایکی لەبەردەم وەزارەتی داد، دووپاتی کردەوە لەبەرئەوەی وەزیری داد ئەو بەڵێنەی نەبردە سەر کە بە دایکی دابوو، بۆیە دایکی ئێشکگرییەکەی دەست پێ کردەوە.

وتیشی: “ڕۆژانە دەرگای وەزارەتەکە بەڕووی دایکیدا دادەخەن، ئەمە دەریدەخات وەزارەتی داد چەند بێ کەڵک و دەسەپاچەیە، وەزیری داد کاتێک دێتە بەردەم ڕۆژنامەکان، جگە لە دژایەتیکردنی خۆی هیچی تر ناکات، ئێمە لەسەر حەقین و بە یەکگرتوویی دادپەوەریی بەدی دەهێنین.”

ب.گ

Comments are closed.