ئەنتۆنی بلینکن سەردانی چین دەکات

ناوەندی هەواڵەکان

وابڕیارە ڕۆژی ٢٤ـی ئەم مانگە، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ تاوتوێکردنی چەند پرسێکی ئابووریی و سیاسیی و ئەمنیی، سەردانی وڵاتی چین بکات.

بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرزی ئەمریکیی، وابڕیارە ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە یاوەری شاندێک سەردانی شانگهای پایتەختی ئابووریی چین بکات.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشداوە، کە ئامانجی لەپێشینەی سەردانەکەی بلینکن پرسی هەناردەی ماددە هۆشبەرەکانە لە چینەوە بۆ ئەمریکا و بەو هۆکارەش بەرپەرسی بەشی ماددەی هۆشبەری واشنتۆن هاوەڵی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەکات.

پرسێکی دیکەی گرنگی سەردانەکە برەودانە بە پرسە ئابوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات (چین و ئەمریکا) و پرسی هاوکارییە سەربازییەکانی چین بۆ ڕووسیا لە شەڕی ئۆکراین، هەروەها پرسی پەیوەندییەکانی نێوان تایوان و چین و ئاڵۆزییەکانی دەریای چین بەشێکی دیکەی سەردانەکە دەبن.

جێی ئاماژەیە ئەمە یەکەم سەردانی بلینکنە بۆ چین لە ماوەی زیاتر لە ساڵێکدا و هاوکاریشە بۆ باشکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە، کە لە ساڵانی ڕابردوودا بە بیانووی سیخوڕیکردنی چین بەسەر ئەمریکاوە پاشەکشەی کردبوو.

ب.گ

Comments are closed.