چۆن ڕاگەیاندنەکان کراونەتە ناوەندێک بۆ لێدان لە ژنان؟

ناوەندی هەواڵەکان

میدیا وەک ناوەندێکی هەستیار زۆرترین کاریگەریی لەسەر کۆمەڵگە درووست دەکات، لە پرسی ژناندا هاوشێوەی پرسەکانی دیکە دەتوانێت ڕۆڵی گەورە ببینێت، جا بە ئەرێنیی بێت یاخود نەرێنیی، بەڵام لەئێستا کراوە بە ناوەندێک بۆ لێدان لە ژنان و ئاساییکردنەوەی دەستدرێژیی و دیاردەکانی توندوتیژیی و ژنکوشتن.

لە چەند دەیەی ڕابردوودا و بە تایبەت لە پاش ڕاپەڕینەوە دەیان گۆڤار و ڕۆژنامەی تایبەت بە ژنان دەرچوون، بەڵام هیچ کامیان وەک پێویست بەردەوام نەبوون و دوای ماوەیەک پووکاونەتەوە و لەناوچوون، لە ئێستاشدا ڕۆژنامەگەری ژنان پاشەکشەی بەرچاوی کردووە و ژمارەی ئەو گۆڤار و ڕۆژنامانەی، کە ئێستا دەردەچن بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو زۆر کەمیان کردووە، ئەو پاشەکشەیەش هەندێک بۆ پەرەسەندنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و کەمبوونەوەی خوێنەر و هەندێکی دیکەش بۆ نەبوونی فکریی دەگەڕێننەوە.

لە هەرێمی کوردستان ژنان تەنیا بە ٢٠٪ ئامادەییان لە ڕاگەیاندنەکاندا هەیە و کەمترین بەرنامە تایبەت کراون بە ژنان و پرسەکانیان، کە لە پەنجەکانی دەست تێناپەڕن، ئەوەی نیگەرانییەکان زیاتر دەکات، لە بەشێک لەو بەرنامانەدا، کە گوایە تایبەتن بە ژنان، جارێکی دیکە لەلایەن پیاوان و ئەو ژنانەی، کە بە ڕووخسار ژنن هەمان زهنییەتی پیاوسالارییان هەیە، هێرش دەکرێتەوە سەر ژن.

هەروەها لە کاتی بڵاو کردنەوەی هەواڵی دەستدرێژیی و کوشتنی ژنێک، هەوڵدەدرێت ژنە قوربانییەکە ناشرین بکرێت و لەو ڕێگەیەشەوە ڕەوایەتی بدرێت بەو تاوانە، کە ئەوەش دەریدەخات هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی ئەنجامدانی کاری نائەخلاقی و دوور لە ئاکاری کۆمەڵگە ئاسایی بکرێتەوە.

بەشێوەیەکی سیستەماتیک، کە بەشێک لە ڕاگەیاندنەکان ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن تێیدا، هەوڵدەدرێت چوارچێوەیەکی دیاریکراو بەخواستی ئەو فکرە پیاوسالارانەیە بۆ ژنان درووست بکەن، هەر ژنێکیش لەو چوارچێوەیەدا نەبوو، پیاوان مافی خۆیانە بە کۆمەڵ و بە ئاشکرا و بێ ترس دەستدرێژیی و هێرش بکەنە سەری، پاشانیش وەک پاڵەوان وێنا بکرێن.

وەک ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بینرا، لە کاتی بڵاو بوونەوەی هەواڵی کوژرانی “فەیروز ئازاد”، هەر لە یەکەم ساتەوە هەوڵدرا ئەو تاوانە گەورەیە لە پرسە سەرەکییەکە دوور بخرێتەوە و ئەنجامدەری وەک قوربانیی نیشان بدرێت.

هەروەها زمانی بەشێک لە ڕاگەیاندنەکان و شێوازی نووسین و داڕشتنەوەی هەواڵەکانی پەیوەیست بە ژنان، کارتێکەرێکی سەرەکییە بۆ بڵاوکردنەوە و پەرەدان بە ئەنجامدانی دەستدرێژیی بۆ سەر ژنان و ئاسایی کردنەوەی دیاردەکانی توندوتیژیی و ژنکوشتن.

ئەگەر ژنێکیش بوێری خۆی کۆبکاتەوە و بچێت سکاڵا لە ئەنجامدانی دەستدرێژییکردنە سەریی یاخود ئەو توندوتیژییەی بەرامبەری کراوە تۆمار بکات، دەزگا پەیوەندیدارەکان وەک پێویست بەدەم سکاڵاکەیەوە ناچن و تەنانەت باوەڕ بە وتەکانیشی ناکەن، کە ئەمەش هۆکارێکە بۆ درووستبوونی بێ متمانەیی لای ژنان بەرامبەر یاسا و دامەزراوەکان.

لە ئەنجامی ئەو شێوە مامەڵەکردنە، بە ڕەوایەتی پێدان و تاوانبارکردنی ژنە قوربانییەکان بەوەی خۆیان هۆکارن بۆ ئەنجامدانی ئەو دەستدرێژیی و توندوتیژییە، لە کۆمەڵگەدا ساناییەک بەرامبەر ژنکوشتن و ئەشکەنجەدانی ژنان پێشدەخرێت، هەر بۆیە لە ئاست هەر تاوان و نادادپەروەرییەکدا، کە بەرامبەر ژنان ئەنجام دەدرێت، بێ دەنگییەکی سەرتاسەریی یاخود بەلاڕێدا بردنی بابەتەکان دەبێتە باو و پەیڕەو دەکرێت.

ش. ئـ

Comments are closed.