هەرێمی کوردستان.. زۆنە تاریکەکەی جیهان بۆ کاری ڕۆژنامەنووسی

ناوەندی هەواڵەکان

هەرێمی کوردستان لە پاڵ عێراقدا بە ناوچەیەکى تاریک بۆ کاری ڕۆژنامەنووسی دادەنرێت لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و تەنانەت جیهانیش، ئامارەکانى کوشتن و گرتن و لێدان و توندوتیژییەکانى دیکە بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان و میدیاکان سەلمێنەری ئەو دۆخەن، کە عێراق و هەرێمی کوردستانى پێ پێناسە کراوە.

ئەمڕۆ، ڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردییە، کە ١٢٦ ساڵ بەر لەئێستا، یەکەم ڕۆژنامەی کوردیی بەناوی کوردستان لەلایەن بنەماڵەى بەدرخانییەکانەوە لە باکووری کوردستان دەرچوو، دواتریش لە قاهیرە درێژەى پێدرا، بەڵام زۆری نەبرد وەستێنرا، ئەمە بووە سەرەتا و لە دایکبوونی ڕۆژنامەگەری کوردیی.

ئێستا کە یادی ١٢٦ ساڵەى ڕۆژنامەگەری کوردیی دەکەینەوە، کاری ڕۆژنامەگەری لە ناو گەلی کورد دا و لە هەر بەشێکی کوردستان بە دۆخێکی ناهەموار و جیاوازدا دەڕوات، بە جۆرێک دۆخی هەر بەشێکی کوردستان لەم بوارەدا تایبەتمەندی خۆی هەیە.

سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، کاری ڕۆژنامەنووسی بە ڕەوشێکدا تێپەڕ دەبێت، کە هەرێمی کردووە بە ناوچەیەکیى تاریک و دۆزەخ ئاسا بۆ ڕۆژنامەنووسان، ئامارەکانى ڕێکخراوە تایبەتمەندەکانى ئەم بوارە لە هەرێم و لە دوونیای دەرەوە، ئەمە پشتڕاست دەکەنەوە، هاوکات هەرێم بە زۆنێکی ڕەش لە ڕیزبەندی ٨٥ وڵاتی جیهان بۆ کاری رۆژنامەنووسی دیاری کراوە.

لە چەند ساڵی ڕابردوودا پێنج ڕۆژنامەنووس لە هەرێمی کوردستان بەهۆی نووسین و بیروڕاکانیانەوە تیرۆرکراون، تا ئەم ساتە بکوژەکانیان دەستگیرنەکراون و سزا نەدراون، لە کاتێکدا بکوژەکان لای ڕای گشتى ناسراون و بە ئازادیی دەسوڕێنەوە، دەسەڵاتدارانى هەرێم دەست و پێی هێزە ئەمنی و دادگاکانیان بەستووە بۆ دەستگیرکردن و سزادانیان.

ئامارەکانى ساڵانەى توندوتیژییەکان بەرامبەر رۆژنامەنووسان مایەی ڕەشبینی و بێهیواییە بۆ ڕۆژنامەنووسان، چونکە ساڵانە ئەو ئامارە زیاد دەکات و جۆری توندوتیژییەکانیش شێوەى خراپتر بەخۆیانەوە دەبینن، یەکێک لەو شێوە خراپانەش، درووستکردنى دۆسییە و تۆمەتى داتاشراوە بۆ ڕۆژنامەنوسان، ئەوەش بە مەبەستى ترساندن و بێدەنگکردن و ڕادەستبوونیانە بە خواستەکانی حزب و بنەماڵە و دەسەڵاتداران.

بەپێی ئاماری سەنتەری میترۆ بۆ بەرگرییکردن لە مافی ڕۆژنامەنووسان، له‌ساڵی ڕابردوودا ٢٤٩ پێشێلكاریی به‌رامبه‌ر به‌  ٢٤٧ ڕۆژنامه‌نووس ‌و دامه‌زراوه‌ی میدیایی ئه‌نجامدراوە.

بەهەمان شێوە لە ڕاپۆرتی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانى کوردستان، کە لەلایەن پارتە دەسەڵاتدارەکانەوە کۆنترۆڵکراوە ئاماژە بە زۆری ئاماری توندوتیژیی و پێشێلکارییەکان بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان کراوە.

پێشێلکارییەکان، کە بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان و میدیاکان دەکرێن، بریتین لە: گرتن، ڕفاندن، لێدان، سوکایەتیی پێکردن، هێرشی ئەلیکترۆنیی، ناوزڕاندن، ڕێگرییکردن، جیاکاریی، پێنەدانى زانیاریی، زەوتکردنى کەلوپەل، شکاندنى کەلوپەل، دەستگیرکردن بێ بڕیاری دادگا، هەڵکوتانە سەر ماڵان و شوێنى کار، درووستکردنی سیناریۆ و تۆمەتى داتاشراو، فشار و دەستوەردان لە بڕیاری دادگاکان، هێشتنەوە لە زیندان دوای تەواوبوونى ماوەی سزا و چەندین جۆری دیکە.

ئەمانە ئەو پێشێلکاریی و مامەڵانەن، کە دەسەڵاتداران و لایەنە پەیوەندیدارەکان بە حزب و حکومەتەوە بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان و میدیاکان ئەنجامی دەدەن.

بە دانپێدانانى ڕێکخراوەکانى بواری ڕۆژنامەوانى و بەشی زۆری ڕۆژنامەنووسان و چالاکانى مافی مرۆڤ، کابینەى نۆیەم بە سەرۆکایەتى مەسرور بارزانى، هەرێمی کوردستان بە خراپترین دۆخی ڕۆژنامەنووسییدا تێپەڕ بووە، ئەم کابینەیە، جگە لە زیادبوونى پیشێلکارییەکان، گۆڕانکاریی و داهێنانى لە جۆری پێشلکارییەکانیشدا کردووە، بە نموونەش درووستکردنى تۆمەت و سیناریۆی داتاشراو، هێشتنەوە لە زیندان، نوێکردنەوەى سزا، دانپێدانانى بە زۆری سەر شاشە، ڕفاندن و بێسەروشوێنکردن.

لەو چوارچێوەیەدا لە ٢٥ـی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوو، هێزەکانى پەدەکە سلێمان ئەحمەد ڕۆژنامەنووسی ئاژانسی ڕۆژنیوزی بەبێ بڕیاری دادگا و ئاگادارکردنەوەى دەزگاکەی ڕفاند و تا ئەم کاتە بێسەرو شوێنە.

سلێمان ئەحمەد، کە خەڵکی رۆژئاوای کوردستانە و ماوەی چەند ساڵە لە شاری سلێمانی کاری دەکرد، بە مەبەستى بەشداریی کردن لە پرسەى باوکی گەڕایەوە ڕۆژئاوای کوردستان، بەڵام لە کاتى گەڕانەوەى لە سنووری فیشخابوور لەلایەن هێزەکانى پەدەکە ڕفێنرا، تائێستا کەس نازانێت لە کوێیە و ڕێگەش بە پارێزەرەکانى نادرێت سەردانى بکەن.

یەکێکی دیکە لە نموونەی پێشێلکارییە سەیر و سەمەرەکانی کابینەکەى مەسرور بارزانى بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان، دەستگیرکردنى ژمارەیەک ڕۆژنامەنووسی بادینان بوو، کە هەریەکەیان تۆمەتێکی داتاشراوی بۆ دروستکراو بۆ دانپێدانانی بە زۆر هێنرانە سەر شاشەکان، دواتر بە چەند ساڵێک سزا دران.

دۆخی خراپی ڕۆژنامەوانى لە هەرێمی کوردستان لە ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانى هیومان ڕایتس ۆچ، ئەمنیستى ئینتەرناشیۆناڵ، پەیامنێرانى بێسنوور، وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا، یەکێتى ئەوروپا، بە مەترسیدار و نالەبار لە قەڵەمدراوە و دەسەڵاتدارانى هەرێمیشی بە پێشێلکردنی یاساکان و بنەماکانى مافی مرۆڤ تۆمەتبار کردووە.

هـ.ح

Comments are closed.