ناوەندی هەواڵەکان
هەپەگە ڕایگەیاند، دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە شەوی ١٦ـی ئەم مانگە، لەشکرکێشی بۆسەر سنووری مەتینا لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا دەستپێکرد و بە بەردەوام لە ئاسمان و زەمینەوە بۆردوومان و تۆپبارانی سەنگەرەکانی بەرخۆدانی گەریلاکانی ئازادیی دەکات.
ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە، لە بارەی دەستپێکردنی لەشکرکێشی و هێرشێکی نوێی داگیرکاریی دەوڵەتی تورک، ڕاگەیاندراوێكی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەی هەپەگەدا هاتووە، دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە شەوی ١٦ـی نیسان، لەشکرکێشی بۆ سەر گوندەکانی ئاسێ، یەکماڵە، خانکێ و گوندەکانی شیلادزێ لە سنووری مەتینا دەستپێکرد و هەنگاو بە هەنگاو دەیەوێت داگیرکارییەکانی لە ناوچەکەدا بەرفراوانتر بکات.
هەروەها باسیان لەوەشکردووە، لە شەوانی ١٧، ١٨ و ١٩ـی ئەم مانگە، دەوڵەتی تورک بە هێلیکۆپتەر و فڕۆکەی جەنگی ناوچەکانی بەرخۆدانی گردی چارچەل و گردی ئۆرتەی بۆردوومان کرد، هەروەها لە شەوی ١٩ـی نیسان، هێرشی لەشکرکێشی بۆ ناوچەی دەرگەلە بەرفراوانتر کرد.
ڕاشیانگەیاندووە، هەریەک لە گردی هەکاری، گردی چارچەل، گردی شەهید چەکدار، گردی شەهید پڵنگ، گردی ئۆرتە، ئاسێ، یەکماڵە، خرابێ، خانکێ، شێلازێ و دەرگەلە، لە ئامانجی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکدایە.
دەشڵێن: تێکرای ئەو ناوچانە، لە هێلیکۆپتەر و فڕۆکەی جەنگی لە ئاسمان و تۆپ لە زەمینەوە، بە بەردەوام و بێ ناوبڕ بۆردوومان و تۆپباران دەکرێت.
لە کۆتاییشدا دەڵێن: لە داهاتووەدا زانیاریی زیاتر بەدەست دەگات و بۆ گەلەکەمان و ڕای گشتیی بڵاوی دەکەینەوە.
ب. جـ
Comments are closed.